Skip to the content
Menu

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئینیستیتیوتی مێری كۆنفرانسێكی تایبه‌ت به‌ده‌سه‌لاتی یاسادانان و دادوه‌ری به‌رێوه‌ده‌به‌ن

سه‌عات 9:30 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ به‌ئاماده‌بوونی د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمنكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و بێگه‌رد تاله‌بانی سكرتێری په‌رله‌مان، كۆنفرانسی هاوبه‌شی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و ئینیستیتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست (مێری) له‌ژێرناونیشانی (ده‌وڵه‌تسازی- سه‌روه‌ركردنی یاساو به‌دامه‌زراوه‌ییكردن له‌هه‌رێمی كوردستان) له‌ ئوتێل رۆتانا له‌شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای كۆنفرانسه‌كه‌ به‌وته‌ی به‌خێرهێنان له‌لایه‌ن فوئاد ئه‌حمه‌د به‌رپرسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و پاشان وتاری د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین سه‌رۆكی ئینیستیتیوتی مێری ده‌ستی پێكرد.
له‌كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێم و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاری خوله‌كانی پێشوتری په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، له‌چوار پانێلی جیاوازدا سه‌روه‌ركردنی یاساو به‌دامه‌زراوییكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌ری و كێشه‌ یاسایی و په‌یكه‌ریه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی یاساكان و دارێژتنه‌وه‌یان و هه‌ره‌وها پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و گێرانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی په‌رله‌مانتاری و كاراكردنی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان وه‌به‌رهێنان له‌به‌هره‌و توانای په‌رله‌مانتارو دادوه‌ران پێناسه‌كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
پانێله‌كان كه‌ له‌لایه‌ن د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین سه‌رۆكی ئینیستیتیوتی مێری و فوئاد ئه‌حمه‌د به‌رپرسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌رێوه‌بران. له‌پانێلی یه‌كه‌مدا د. جه‌عفه‌ر جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و حاكم رزگار موحه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامی دادگای پێداچوونه‌وه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی سه‌روه‌ركردنی یاساو به‌دامه‌زراوییكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌ری كراو له‌پانێلی دووه‌مدا گفتوگۆ له‌باره‌ی سیسته‌می یاسادارێژتن و كاراكردن و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی یاساكان كرا.
له‌پانێلی چواره‌مه‌یشدا كه‌ بێگه‌رد تاله‌بانی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و سه‌رۆكی یه‌كێتی په‌رله‌مانتاران و به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌یمانگای دادوه‌ری، گفتوگۆ له‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان له‌به‌هره‌و توانای رابه‌رایه‌تی په‌رله‌مانتاران و دادوران كرا.
له‌دوا پانێلیشدا له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێرو سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و به‌رێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رێوه‌برا. گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی خۆجێیی و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و ده‌سه‌ڵاته‌كان كرا.