Skip to the content
Menu

به‌غدا.. دیدارو كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان

له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ لوتکەی بەغدا بۆ سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، رۆژی شه‌مه‌ 20ى نیسانی 2019، شاندی پەرلەمانی کوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانى كوردستان و یاوەریی د.رێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی  له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنه‌ی ناوبراو و نوێنەری پێكهاتەی كلدان سریان ئاشوور، سەردانی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵیان كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بەئامادەبوونی شاندی پەرلەمانی کوردستان لە لوتکەی بەغدا بۆ سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەربری.
لای خۆیه‌وه‌ سكرتێری په‌رله‌مانى كوردستان سوپاسگوزاریی پەرلەمانی کوردستانمى گەیانده‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئەو بانگھێشتنامەیە و پێى راگەیاند: "بەشداریی پەرلەمانی کوردستان گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە و دەمانەوێت پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرەو باشتر بچێت و پێکەوە لەسەر ئاستی لیژنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ بین".

ئه‌مڕۆ یەکشەممەش 21ى نیسانی 2019، شاندی پەرلەمانی کوردستان، سه‌ردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق-یان کردو لەلایەن د.بەشیر خه‌لیل حه‌داد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنه‌رانی عێراق پێشوازییان لێکرا.
له‌ دیدارێكدا د.بەشیر خه‌لیل حه‌داد، خۆشحاڵیی خۆیى به‌ئامادەبوونی شاندی پەرلەمان لەبەغدا دەربری و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌مجۆره‌ سه‌ردان و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ سکرتێری پەرلەمانى كوردستان، سوپاس و پێزانینیى پەرلەمانی کوردستانی پێڕاگەیاند و ستایشی جێگرى دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنه‌رانی عێراقى كرد بۆ ئەو ھەموو ھەوڵ و ماندووبوونەی كه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ بۆ بەشداریکردنی شاندی پەرلەمانى كوردستان لە لوتکەی بەغدا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس لەپێویستی و گرنگیی بوونی پەیوەندی لەنێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق كرا و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی بوونی ھەماھەنگی و ھاریکاری لەنێوان لیژنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا كرایه‌وه‌.

هه‌ر هه‌مان رۆژ، شاندی پەرلەمانی کوردستان سەردانی حه‌سه‌ن که‌عبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردو لەدیدارێکدا سکرتێری پەرلەمانى كوردستان ڕۆڵی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەنزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەنێوان ھەردوو پەرلەمانی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان به‌رزنرخاند، ھەروەھا ڕۆڵی بەڕێزیانى لەپەسەندکردنی بودجەی عێراق بەجۆرێک کە مافەکانی ھەرێمی کوردستانى تێیدا ڕەچاو کرا بەرزنرخاند.
هه‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان و ھۆڵی دەستووری کە دەستوری عێراقی تێدا نووسرا لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقییان بەسەرکردەوە.

هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سالم غه‌صاب زه‌مانان، باڵیۆزی وڵاتی کوه‌یت لە عێراق و شاندی یاوەری كۆبۆوه‌ و له‌ دیدارێكدا جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كوه‌یت كرایه‌وه‌.