Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئاماده‌بوونی نه‌وزاد هادى، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نیوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، پێشوازییان كرد له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان .

  لەدیدارێكی كورتدا سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و شاندی یاوه‌رى بۆ هه‌رێمی كوردستان، هیوایان خواست سه‌ردانه‌كه‌یان ببێته‌هۆی پته‌وتركردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕالیى عێراق.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌مجۆره‌ سه‌ردان و دیدارانه‌ی نێوان هه‌ردوولا بۆ زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایه‌ به‌نیازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌، هه‌رێمی كوردستانیش جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق ده‌كاته‌وه‌ و له‌ نێویاندا ماده‌ی 140 ده‌ستووری عێراق و ده‌خوازێت هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی بڕیاردان بێت له‌عێراقدا.