Skip to the content
Menu

سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی له‌ بەرپرسی نوسینگەی كەنەدا لەهەرێمی كوردستان دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی نیسانی 2019، د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەنوسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیی لە نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی كەنه‌دا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی كەنه‌دا لە هەرێمی كوردستان، وێڕِای پێرۆزباییكردن لە سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەبوونی ئافرەتێك به‌سەرۆكی پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی یاسایی و گرنگ لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هێواشی خواست دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداربوونی ئافرەت لە كایه‌ گرنگه‌كانى هەرێمی كوردستان فەراهەم بكرێت.
لای خۆیەوە  د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕِای بەخێرهێنانی نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی كەنه‌دا لە هەرێمی كوردستان، پوختەیەك لە رێكارە یاساییەكانی نێو پەرلەمانی كوردستانى بۆ ئەم قوناغەی ئێستا شیكردەوە و رایگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی رێكارەیاساییەكان بەپێی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەمان و یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەبەرئەوەی 30 ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە و خەڵكی كوردستان چاوەڕێی پێكهێنانی حكومەتە و بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوە یاساییەكانمان دەستپێكردووە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دوای دەرچوواندنی یاسایەكە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت و بەمەش هەنگاوە خێراییەكانی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات و لەئێستادا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە".
لەوەڵامی پرسیاری بەرپرسی نوسینگەی كەنه‌دا لە هەرێمی كوردستان بۆ دواخستنی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: "دواخستنەكە لە سەر داوای لیژنەی یاساییی پەرلەمان بوو، لای ئێمەش لە سەرۆكاتی پەرلەمان سەقامگیریی وڵاتمان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی گرنگە و دەرفەتمان داوە بەلایەنەكان بۆ رێككەوتن، پەرلەمان دەیەوێت بەشێك بێت لە چارەسەر  نەك كێشە بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكان دروست بكات" .
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی به‌ ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیر بۆ هەرێمی كوردستان كردو رایگەیاند: "دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستدەكەین بە ئەنجامدانی چاكسازیی گشتگیر لە رووی دارایی و كارگێرییەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەرێى ئەم پڕۆژانە دەكەین كە لەلایەن حكومەتەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن".
هەروەها جەختی لە هەبوونی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان كرده‌وە و رایگه‌یاند: "لە ئێستادا نزیكەى 70 مادە لە دەستووری هەرێمی كوردستان نووسراوەتەوە كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكراوە كە تیایدا ماف و ئازادییەكان و یەكسانیی جێندەریی چەسپاندووە، هەروەها پەرلەمانی كوردستانیش بەبایەخەوە چەندین یاسای دەركردووە و لەبەرنامەشیدایە چەند یاسایەك هەموار بكاتەوە  تایبەت بەپرسی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان".
هەر لەدانیشتنەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و داوای كرد حكومەتی عێراق تەواوی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات بە تەواوی مادەو بڕگەكانییەوەو لەناویشیاندا مادەی 140 دەستووری عێراق كە تایبەتە بە ناوچە جێناكۆكەكان" .
لەكۆتایی دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان كورتەیەكى سه‌باره‌ت به‌ چاكسازییەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان باسكردو رایگەیاند: "دوای دەستبەكاربوونمان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان یه‌كه‌م كارمان ئەنجامدانی چاكسازیی كارگێری و  دارایی  بوو له‌ نێو په‌رله‌ماندا و داواشمان لە دیوانی چاودێریی دارایی كردووە بەورردی بەدواداچوون بكەن و راپۆرتی خۆیان بۆ رای گشتی روونبكەنەوە و پەرلەمانیش ئامادەیی تەواوی هەیە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بلاوى بكاتەوە".
سەبارەت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كەنه‌دا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان  هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنه‌دا بەرەوپیش بچێت بەتایبەتی لە رووی دیپلۆماسی و كاری پەرلەمانیی نێوان هەردوو پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی كەنه‌دا بۆئەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان سوود لە ئەزموونی كارەكانی پەرلەمانی كەنه‌دا وەربگرن".
لای خۆشیەوە نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی كەنه‌دا لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بەم هەنگاوە یاساییانه‌ و چاكسازییانه‌ى نێو پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "دڵخۆشین بەهانگاوەكانتان لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانی و نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستە هاوكارو پشتیوان دەبین و پەرە بەپەیوەندییەكانمان دەدەین  و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانى نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی كەنه‌دا" .