Skip to the content
Menu

شاندێكی حزبى ته‌قه‌دومی ئیشتراكیی مه‌غریبی سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی حزبی ته‌قه‌دومى ئیشتراكیى مه‌غریبی كه‌ حزبێكی چه‌پن و له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌شدارن، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.نه‌بیل بن عه‌بدوڵا، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ته‌قه‌دومى ئیشتراكیى مه‌غریبی و  یاوه‌ریی خاتوو شورفات ئه‌فیلال، ئه‌ندامی مه‌كته‌بى سیاسیی حزب و هاوڕێ ئه‌نه‌س سه‌بیحى، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مه‌ركه‌زیى حزبه‌كه‌.
له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان و د.محێدین حه‌سه‌ن یوسف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئازادی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوون، د.نه‌بیل بن عبدالله‌، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ته‌قه‌دومى ئیشتراكیى مه‌غریبی، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌پۆسته‌كه‌یان، باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌ل و حكومه‌تی مه‌غریب و گه‌ل و هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند "گه‌لی مه‌غریب هاوسۆزیبه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناخۆشییانه‌ی كه‌به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، وه‌ك ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆسایدكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی"، هیواشی خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و مه‌غریب زیاتر به‌ره‌و پێش بچێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌یی خۆیانى نیشاندا بۆ خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌كانیان بۆ زیاتر به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.