Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نه‌وت و گازى هه‌رێم ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى ئاگاداربوون و به‌دواداچوون بۆ به‌رچاوڕوونیى لیژنه‌كه‌ سه‌باه‌رت به‌هێڵه‌ گشتییه‌كانی دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی نه‌وت، سه‌عات 11ى پیشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 24ى نیسانی 2019، لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى به‌ڵێن ئیسماعیل، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ به‌دواداچوونی لیژنه‌ بۆ پرسی نه‌وت و دانوستاندنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كرا بۆ بوونى به‌رچاوڕوونى لیژنه‌كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ و بڕیاردرا داوا له‌ئه‌نجوومه‌نى هه‌رێمى بۆ نه‌وت و گاز بكرێت روونكردنه‌وه‌و به‌رچاوڕوونى بۆ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانى دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند بخه‌نه‌ڕوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرسی كاره‌باى نیشتیمانی كرا و بڕیاردرا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كاره‌باى هه‌رێم بانگهێشتى لیژنه‌كه‌ بكرێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنى كاره‌باو سوودوه‌رگرتن له‌ ئاوى ئه‌مساڵ، بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باى زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان.