لیژنەی شەهیدان چەند پرسێكى گرنگ تاووتوێ دهكات
بەمەبەستی تاووتوێکردنی دەرئهنجامی سەردانە مهیدانییهكانی لێژنەکەیان، سهعات ۱۰ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشهمه ۳۰/٤/۲۰۱۹، لێژنەی كاروبارى شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له پهرلهمانی كوردستان، بەسەرپهرشتیی سوسن محهمهد میرخان، سهرۆكی لیژنهو ئامادهبوونی جێگرو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەکە، کۆبۆوه.
کۆبوونەکه کە لەهۆڵی لیژنە له تهلاری پهرلهمان بەڕێوەچوو، بهساتێک وهستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دهستیپێكرد، پاشان لەلایەن سەرۆکی لێژنەکە باس لەدەرئەنجامی ئەو سەردانه مهیدانییانە کرا کە لیژنەکەیان ئەنجامیان دابوو بۆ وەزارەتی شەهیدان و مۆنیۆمێنتی شەهیدان، هاوکات ئەوەش خرایەڕوو کە پێویستە بە نوسراوێک لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوای داتاو زانیارییەکانی وەزارەتی شەهیدان بکرێت بۆئەوەی لیژنەی شەهیدان زانیاریی تەواویان هەبێت و لەخزمەتی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانی سیاسیدا سوودیان لێوەربگیرێت.
پاشان کۆمەڵێک ڕێنمایی کاری پەرلەمانی خرایەبەر باس و گفتوگۆ، پاشان هەریەک لەجێگری سەرۆکی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامانی لێژنەکە بەڕاو پێشنیازو بۆچوونەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کردو هەموویان هاوڕابوون لەسەر برەودان بەکارەکانی لیژنەکەو لەخزمەتی کەسوکارو قوربانیان و زیندانیانی سیاسیدا بن.
له كۆتایی كۆبوونهوهكهشدا بڕیاردرا چەند لیژنەیەک دروست بکرێ بۆئەوەی بەپێی سنووری جوگرافی ئاگاداری ڕەوشی کەسوکاری شەهیدان بن، هاوکات بڕیاریاندا لەداهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی شەهیدان بانگهێشتی لیژنەكه بکرێن.