Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كوه‌یت ده‌كاته‌وه‌

له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتیی وڵاتی كوه‌یت له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كوه‌یت ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی نیسانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ د.عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری، كونسوڵی گشتیی وڵاتی كوه‌یت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانى د.عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری، كونسوڵی گشتیی وڵاتی كوه‌یت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌رى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغى كۆتاییدان و له‌ئێستادا لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو له‌ نێوان هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌".
سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: "پڕۆژه‌پێشنیازى كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مى بۆ كراوه‌و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ پێشنیازه‌كه‌".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كوه‌یت كردو جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وتركردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌ له‌نێویاندا دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى ئومه‌ى كوه‌یتی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى یه‌كترى.
لای خۆیه‌وه‌ د.عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری، كونسوڵی گشتیی وڵاتی كوه‌یت له‌ هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌پۆسته‌كه‌ی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌كاره‌كانیدا و ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كوه‌یت كرد و هیوای خواست كه‌ زیاتر به‌ره‌وپێش بچن و ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا كه‌ له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی جدى ده‌دات بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی ئومه‌ى كوه‌یتی.