Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵیادی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی شارى قه‌ڵادزێ

له‌ساڵیادی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی شارى قه‌ڵادزێ، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 
په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵیادی بۆردوومانكردن و ڕاپه‌رینی شاری قه‌ڵادزی
له‌رۆژێَكی وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ 24ی نیسانی  ساڵی 1974، رژێمی به‌عسى له‌ناوچوو به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ و به‌چه‌كی ناپاڵمى قه‌ده‌غه‌كراو  زانكۆی سلێمانییى له‌ قه‌ڵادزی بۆردوومان كردو سه‌دان شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 24ی نیسانی 1982، كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار بوو خه‌ڵكی خۆڕاگرى ناوچه‌یه‌كی كوردستان له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری به‌عسی عه‌فڵه‌قی ڕاپه‌رینییان ئه‌نجامداو  له‌ئاكامدا دوو ئافره‌تی شۆڕشگێڕ به‌ناوه‌كانی (دایكه‌ ئامینه‌) و (خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر مه‌حمود) شه‌هیدبوون و چه‌ندین هاووڵاتیش زامداربوون و به‌ده‌یان كه‌سیش ده‌سگیركران. 
خه‌ڵكی قه‌ڵادزی له‌سه‌رجه‌م شۆڕش و به‌رخودانه‌كانی كوردستان به‌شدارییه‌كی كاراو كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری و به‌رخودان بوون.
بۆردوومانكردنی زانكۆ و خه‌ڵكی سڤیل له‌ شاری قه‌ڵادزێ، پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاساو رێساو رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردو ئه‌م بێده‌نگییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ی زیاتری بۆ ڕژێمی به‌عس خۆشكرد كه‌ پلانی گه‌وره‌تر دابڕێژێت  بۆ جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان تائاستی  كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و شاڵاوی ئه‌نفال و بێسه‌روشوێنكردنی هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان.
 دوژمنان وه‌ك هه‌میشه‌و بێ جیاوازی به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای كوردستان ده‌كه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانماندا ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا یه‌كگرتووییمان زامنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وجۆره‌ كاره‌ساتانه‌یه‌ كه‌به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووون.
ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كه‌ین كار له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی زیاترى كه‌سوكارى شه‌هیدان بكرێت و له‌ رووى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شه‌وه‌ خزمه‌تگوزاریی زیاتر له‌و ناوچانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس دووچارى وێرانكارى بوون جێبه‌جێ بكات.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
2019/4/24