Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندی یۆنامی دەکات

بەمەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان  و هەماهەنگیەکانی نێوان پەرلەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ ٢٨/٨/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە مانووج ماثیۆ بەرێوەبەری نووسینگەی کاروباری سیاسی و فرانسیس ریڤاڵدۆ لاناو راوێژکاری سیاسی لە یۆنامی کرد.

لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد، وئەولەویەتی کاری پەرلەمانی خستە روو کەلەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە دەبیت  لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێن، و گرنگترینیان پرۆژەی یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ، هاوکات نیگەرانی خۆی لەو یاسایانە خستەروو کە لە بەغدا دەردەچن و کاریگەری نەرێنیان هەیە، لەوانە ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن ناتوانن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانیان دەنگ بدەن بە بیانووی ئەوەی نەگەراونەتەوە بۆ پارێزگاکانیان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی بەسەر ئاوارەکانی  کەرکووک و موسڵ و دەوروبەریان دەبێت و بێبەش دەکرێن لە مافی دەنگدان، هاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە شاندەکەی یۆنامی کرد، هاوکار و هەماهەنگ بن لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی دەستووری عێراقی فیدراڵ .

لەبەرامبەردا شاندەکەی یۆنامی ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکارکردنی  دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بە پێویستیان زانی  لێک تێگەیشتن و رێککەوتنێکی تۆکمە هەبێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەردوو لا.