Skip to the content
Menu

سه‌رۆكى دیوانى چاودێریى دارایی بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنیه‌تیى كاراكردنه‌وه‌ى دیوانى چاودێریى دارایی و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داراییی حكومه‌تى هه‌رێم، سه‌عات (10:30)ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/8/20 لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابوورى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخى ئابووریى هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆ له‌سه‌ر رۆڵى دیوانى چاودێریى دارایی كراو بڕیاردرا له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوودا سه‌رۆكى دیوانى چاودێریى دارایی بانگهێشتى لیژنه‌كه‌ بكرێت.
هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و دواكه‌وتنى و پلانى حكومه‌ت بۆ چۆنیه‌تیى پێدانى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئاماده‌كارى بۆ بودجه‌ى 2020 كرا و له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایی و ئابووریى حكومه‌تى هه‌رێم كۆببێته‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا به‌فه‌رمى داوا له‌حكومه‌ت كرا كه‌ په‌له‌ بكات له‌ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى راژه‌ و ناردنى پڕۆژه‌یاسای چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.