Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی له‌ رێوڕه‌سمی ۳٦ ه‌مین ساڵەی جینۆسایدکردنی ئه‌نفالی بارزانییەکان کرد

ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ۳۱ی تەمووزی ۲۰۱۹، د۰رێوازفائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاوەریی منی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان و ژمارەیەک لەفراکسیۆنەکانی پەرلەمان له‌ گۆڕستانی جینۆسایدكراوانی بارزانییه‌كان له‌ بارزان بەشدارییان له‌ رێوڕه‌سمی ۳٦ ه‌مین ساڵەی جینۆسایدکردنی ئه‌نفالی بارزانییەکان کردو سەرۆکی پەرلەمان تاجەگوڵێنەی په‌رله‌مانی کوردستانی لەسەر گلکۆی ئەنفالکراوانی بارزانییه‌كان دانا.

هەر لەرێوڕه‌سمەکەدا كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كه‌سایه‌تی و لایه‌ن و ده‌زگای حكومیی عێراقی و كوردستانی بەشداربوون تیایدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە وتاریکی پێشکەش كردو تیایدا ئاماژه‌ی به‌ دڕنده‌یی و ئامانجی ئه‌و تاوانه‌ كردو رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ لێره‌ كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی جه‌رگبڕی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان كه‌ ئامانج لێی سڕینه‌وه‌ و پاكتاوكردنی گه‌لی كوردستان بوو، گه‌لێك كه‌ له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌وه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئیراده‌ و شوناسی چه‌ندین ساڵه‌ی درا، به‌ناوی خۆم و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌  سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ رۆحی به‌رزه‌فڕی ئه‌نفالكراوانی بارزان و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان داده‌نوێنم".

ئەمەش دەقی وتارەكەیە

بەنـاوی خودای گەورە و میهرەبـان

 

بەڕێز سەرۆكی هەرێم

بەڕێز سەرۆكی حكوومەت

بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران

ئامادە بوانی بەڕێز

كەس و كاری سەربەرزی ئەنفالكراوان

 

     ئەمڕۆ لێرە كۆدەبینەوە بۆ یادكردنەوەی كارەساتی جەرگبڕی ئەنفالی بارزانییەكان، كە ئامانج لێی سڕینەوەو پاكتاوكردنی گەلی كوردستان بوو، گەلێك كە لەڕێگەی پڕۆسەی ئەنفالەوە هەوڵی سڕینەوەی ئیرادەو شوناسی چەندین ساڵەی درا، لێرەوە،‌ بە ناوی خۆم و پەرلەمانی كوردستانەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی بەرزە فڕی ئەنفالكراوانی بارزان و سەرجەم ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دادەنوێنم.

بۆ من، وەكو ژنێكی لەدایكبووی گەرمیانی ئەنفالستان، سەختە باس لە ڕووداوێكی وا جەرگبڕی دژ بە گەلەكەم و مرۆڤایەتی بكەم، بەڵام باش تێدەگەم، چەند گرانە كە بارزانی و گەرمیانی‌و خۆشناو، یان تەنها كوردێك بیت و یادی ئەنفال بكەیتەوە.

 

بەڕێزان:

شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، تەنها كارەساتێك نییە بۆ یادكردنەوە، بەڵكو  ڕۆژێكی مێژوویی گرنگە كە دەبێت گوفتارەكانمان بەرامبەر بە خواست‌و داوا ڕەواكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان و كوردستانیان بە گشتی بكەین بە كردار.

هاوكات، بەرز ڕاگرتن و بەزیندوو هێشتنەوەی ئەم یادە، هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات كە خزمەتكاری ڕاستەقینەی كەسوكاری ئەنفالكراوانبین‌و بەرپرسیارمان دەكات لە ئامادە بوونمان لە هەموو ئەوناوچانەی كە كارەساتی ئەنفال تیایدا ئەنجام دراوە.

تاوانی بەدناوی ئەنفال، هەر بەتەنها سەركردایەتی سیاسی كوردستان ناخاتە ژێر بەرپرسیارێتی گەورە و مێژوویی، بەڵكو سەركردایەتی سیاسی عێڕاق، و وڵاتانی دراوسێ و تەواوی جیهان بەرپرسیار دەكات لە بەردەم دادگای ویژدان و مێژوو بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی ئەنفال و هاوشێوە لە سەرتاسەری جیهاندا، هاوكات ئاماژە بە بڕگەی ( 2 ) لە مادەی ( 132 ) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ دەسەڵاتە دەستوورییەكانی كۆماری عێراق بە قەرەبووكردنەوەی كەس و كارییان پابەند دەكات. 

 

دڵنیاتان دەكەینەوە، پەرلەمانی كوردستان بەهەماهەنگی تەواوەتی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینە مەیدانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، و ماڵی دەواكردنی زامە پڕ لە ئازار و مەینەتییەكانی گەلەكەمان، و لەسەرووی هەمووشیانەوە خزمەتكردنی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و تەواوی شەهیدانی كورد و كوردستان.

 

ئەركی هەموو لایەكمانە دەست لە دەستبین‌و ناكۆكییەكانمان وەلا بنێین بۆ بنیادنانی كوردستانێك كە خواست و داوای ئەم نەوەیە و نەوەكانی داهاتووی تێدا جێگە بكەینەوە،  ئەم دۆخە دەخوازێت قەرەبووی ماندووبوون و خۆڕاگری چەند ساڵی ڕابردووی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە چاكەی گشتی و خزمەتگوزاری ڕاستەقینە بكەینەوە.

 

ئامادەبوانی بەڕێز:

 

سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەندە بە تێكۆشانی بێوچان بۆ دەستبەری دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و بە دامەزراوەكردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و هەڵكێشانی ڕەگی گەندەڵی و دەركێشانی نەفەس و دەستی حزب‌ لە جومگەكانی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.

 

كوردستانیان وەكو هەر گەلێكی خۆش بەختی تری جیهان، مافی ژیانێكی شایستەیان هەیە، و مافی  خۆیانە چێژ لە پێشكەوتن و تازەگەرییەكان وەربگرن‌و ڕێز لە خواست و داواكانیان بگیرێت. ئەمەش، بە تەنها بە چاكسازی ڕیشەیی و یەكبوون و یەكدەنگی حزبە كوردستانییەكان و هەماهەنگی ڕاستەقینە لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا لەچوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدڕاڵ دا دەكرێت‌، بەڵام لە هەموو بارێكدا دەبێت ئەولەویەتمان پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان بێت لە مەترسی و هەڕەشەی سڕینەوە.

دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، و عێڕاق و ناوچەكە بەگشتی لێمان دەخوازێت كە یەك دەنگبین و بەیەك ئیرادە و بە گیانێكی لە خۆبووردوویی كاربكەین‌و بە یەك ئیرادەش ڕووبەڕووی تەحەدیاتە ناوخۆی و ئیقلیمییەكان ببینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پێش هەر شوێنێك لە ناو ماڵی خۆمانەوە دەست پێبكەین و یەكڕیزی و تەبایی‌ ناوماڵی كورد بپارێزین و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بخەینە خزمەت داواو داخوازییەكانی گەلەكەمان.  

ئێرەی‌ بارزانی پڕ لە زام و لە دەشتی سوتماكی گەرمیان وهەڵەبجەی بریندارو بالیسانی پڕ لە خەم و گۆپتەپە و ساوسێنان و شێخ وەسان و شاناخسێ‌ و دۆلی جافایەتی و شەنگال و تەواوی ناوچەكانی دیكەی برینداری كوردستان،‌ زامی قوڵی جەستەی نیشتیمانن و ئەركی گەو‌رەو پڕ لە بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان. برینی قوڵی ئەم ناوچانەش ئێمە پابەند دەكات تا بە جۆش و خرۆشێكی نیشتیمانی و پڕ لە هەستی كوردایەتی و دوور لە موزایەدەو بەرژەوەندی حزبی دەست لە دەست بین بۆ ساڕێژكردنی زامەكانی ئەنفال و كارەساتە جەرگبڕەكانی دیكە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتوون.

لەكۆتایدا دەمەوێت بڵێم:

 دەبێت بەسنگی فراوانیەوە گوێ لە ناسۆری دایكێكی جەرگ سوتاوی ئەنفالی بارزان بگرین دەبێت گوێ ڕادێرین بۆ گریانی قوڵی نەوەیەكی ئەنفالی گەرمیان دەبێت ڕابمێنین لە چاوی بێهیوای  منداڵێكی خۆشناوەتی، دەبێت قەتیسبمێنین بەدیار فرمێسكی ڕۆڵەیەكی باوك ئەنفالكراو، دۆش دابمێنین بەرامبەر سوتماكی دڵی كچە یەزیدیەكی شەنگال، دەبێت لە نزیكەوە گوێ لە خەم و مەینەتی قوربانیانی ئەنفالی كوردستان بگرین، بۆ ئەوەی پێكەوە درك بەو رٍاستیە بكەین كە زامی ئەنفال زامێكی چەندە بەسۆ و ئازارێكی چەندە ناخ هەژێن و برینێكی چەندە ساڕێژ نەبووە تا لەبیر نەكەین.

پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال، پڕۆسەیەك بووە نەك هەر بەتەنها ئازاری دایكی نیشتیمانی كوردستانی داوە، بەڵكە ئازارێكی لەبیر نەكراوی نامرۆییانە بووە كە پێچەوانەی بەلگەنامە نێودەوڵەتیەكان‌و پرەنسیپە مرۆییەكانە.

 ئەركی ئێمەیە كە كوردستانی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال وەكو چاوەكانمان بپارێزین و خزمەتكاری ڕاستەقینەی گەل و نیشتیمان بین. دروود بۆ ڕووحی بەرزەفری ئەنفالكراوانی بارزان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

 مانەوەو هێزی خۆڕاگری و گەشەی بەردەوام بۆ كوردستان

 

هەرشاد و سەربەرز و سەرفرازبن