Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌ى فراوانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ی ئابی 2019، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، د.رێوازفایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منی نبی قه‌هوه‌جی سكرتێری په‌رله‌مان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا ده‌ستخۆشيی له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كرد بۆ كاره‌كانیان له‌ماوه‌ى رابردوودا و ئاماده‌كاری و هه‌وڵه‌كانیان بۆ كاره‌كانی داهاتووی خولی گرێدان له‌ وه‌زری دووه‌می په‌رله‌مان و تیشكی خسته‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ به‌خشینی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی به‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌روه‌ها چاودێری و به‌دواداچوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌ماندا.

پاشان هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند خاڵێكی گرنگی خسته‌ڕوو، له‌وانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری لیژنه‌كان له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا به‌پێی كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌كان و به‌رنامه‌ى كارو چالاكى و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كان له‌ وه‌رزی داهاتوو و دانانی به‌رنامه‌ی كار بۆ وه‌رزی گرێدانی دووه‌می یاسادانان و گرنگیدان و كاركردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكانی حكومه‌ت و رێكخستنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كان به‌به‌شداریی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى لیژنه‌ یان زۆرینه‌ و شێوازی ئاراسته‌كردنی نووسراو بۆ بانگهێشتكردنی به‌ڕێزان وه‌زیر و ستافی پله‌ تایبه‌ته‌كان له‌ وه‌زراه‌ته‌كان و هه‌ماهه‌نگی نێوان لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق بۆ ئاگاداربوون له‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ ده‌رده‌چن سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێویسته‌ بۆچوونی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌یانه‌وه‌ وه‌ربگیرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ ئاست به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كان دووپاتیان له‌ چاودێریكردن و به‌دواداچوونیان كرده‌وه‌ بۆ كاروباره‌كانی تایبه‌ت به‌ لیژنه‌كانیانه‌وه‌، هه‌روه‌ها راوبۆچوونیان له‌سه‌ر فراوانبوونی كارى لیژنه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاساو ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌باره‌یانه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانیی لیژنه‌كان و به‌دواداچوون و بانگهێشتكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌دواداچوونی كاروبارى تایبه‌ت به‌ لیژنه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆدا.