Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

له‌دیدارى نێوان جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و كونسوڵی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كورستان و ئیتاڵیا كرایه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ی ئابی 2019، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سێرینا مۆرۆنی كونسوڵی ئیتالیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی بارودۆحی سیاسیی و ئابووریى هه‌رێمی كوردستان و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌رووی زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ به‌خشینی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی به‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت و بوونی ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی چاكسازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى كرد.
هه‌روه‌ها باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی عێراق و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد بۆ ئاگاداربوون له‌و یاسایانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به‌خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و زیادبوونی جموجۆڵه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ كردو رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا داعش خه‌ریكی خۆڕێكخسته‌وه‌یه‌و له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین هێرشیان ئه‌نجامداوه‌و پێویسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشووی خۆیان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق تارێگری له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی بگرێت و پارێزگاری له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بكات به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌".
لای خۆیه‌وه‌ سێرینا مۆرۆنی كونسوڵی ئیتاڵیا له‌هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی به‌هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و باسی له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "سیاسیه‌تی ئیتاڵیا له‌ هه‌مبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كان و پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا".