Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای شانشینى نه‌رویژ ده‌كات

سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیى له‌ شاندێكی باڵای ولاتی نه‌رویژ كرد و له‌دیدارێكدا چه‌ند ته‌وه‌رێك تاووتوێكران و جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتى نه‌رویژ كرایه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌ 29ی ئابی 2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ شاندێكی شانشینی نه‌رویژ كه‌پێكهاتبوو له‌ كنوت لیان نوێنه‌ری تایبه‌تیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی شانشینى نه‌رویژ بۆ سوریا و عێراق و ڕۆڕ هۆگسدایل جێگرى باڵیۆزی نه‌رویژ بۆ عێراق كه‌ له‌ ئوردن نیشته‌جێیه‌ و شاندی یاوه‌ریان كرد.
له‌ دیدارێكدا كنوت لیان نوێنه‌ری تایبه‌تی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویژ بۆ سوریا و عێراق، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ره‌وشی ئه‌منى و مرۆیى له‌ ناوچه‌كه‌ و ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نه‌رویژ كرد و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان فراونتر و به‌هێزتر بكرێن.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌و پڕۆژه‌ و هاوكاری و كۆمه‌كییانه‌ی كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ عێراقى ده‌كات و رۆلی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و له‌باوه‌شگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌كان به‌رزنرخاند.
لای خۆیه‌وه‌ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و ستایشی وڵاتی نه‌رویژ و هاوپه‌یمانان و دۆستانی گه‌لی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و كۆمه‌كییانه‌ی پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانییان كرد له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، پاشان پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌كاره‌ له‌پێشینه‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو له‌وانه‌ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستووری له‌ په‌رله‌مان و زه‌مینه‌سازیی یاسایی بۆ كارنامه‌ی حكومه‌ت و ئه‌نجامدانى چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌ رووی دارایی و كارگێڕی و داهات و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم و خواستی خه‌ڵكی كوردستانن.
سه‌باره‌ت به‌و هاوكارییانه‌شی كه‌ وڵاتی نه‌رویژ پێشكه‌شی عێراقى ده‌كات، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "پێویسته‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ی پێشكه‌شی عێراق ده‌كرێت به‌شی هه‌رێمی كوردستان له‌و هاوكارییه‌ جێگیر بكرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان گوشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌ به‌هۆی هاتنی رێژه‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ بۆ سنوورى شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پشتگیرى و پشتیوانیی په‌رله‌مانى كوردستانى بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوورى عێراقدا.