Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی ڕەوشی پێکهاتەکان لەگەڵ نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی پێکهاتەکان تاوتوێکردنی بارودۆخیان لە هەرێمی کوردستان، سەعات ۲ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ۱٨ی ئابی ۲۰۱۹ منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ماکس بریمۆراک نوێنەری جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری پەیوەندییەکان و ئەندرۆ لینتز بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و دلێر سابر پسپۆری سیاسی لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کرد.
لە دانیشتنێکدا باسی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ۲۰۱٥ ی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرا، لەلایەن خۆیەوە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند مافی سەجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراوە بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی زیاتری مافەکانیان پێویستە بەشداری زیاتریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ بکرێت، و زیاتر گرنگی بدرێت بە سیستمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان و بە یاسا هەموو ئەو پۆستانە دیار بکرێن کە دەدرێن بە پێکهاتەکان، پاشان سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکان بووە و لەماوەی جەنگ لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش بە هەموو شێوەیەک هاوکار و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بووە پاشان داوای لە شاندی میوان کرد هەوڵی جددی بدەن دەستوری عێراقی فیدڕاڵ جێبەجێ بکرێت و هاوکاری زیاتری ئاوارەکان بکەن و هانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بدرێت کۆمەڵکوژی ئیزیدییەکان بە جینۆساید بناسێت و قەرەبووی زیان لێکەوتووان و کەس و کاری قوربانیان بکاتەوە، و بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێنەوە و هانی حکومەتی عێراق بدەن بۆ ئەوەی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان هەیە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر و یەکلایی بکرێنەوە ، پاشان جەختی لەسەر هەبوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی زیاتری مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ ڕوونکردنەوەکانی لەسەر ڕەوش و بارودۆخی پێکهاتەکان ، هاوکات سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەبێ جیاوازی داڵدەی هەموو ئەو ئاوارانەی داوە کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووەو نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان بووە لە ناوچەکە،لە کۆتایشدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا لە ڕووی تەکنیکیەوە هاوکار و هەماهەنگی پەرلەمانی کوردستان بکەن و درێژە بدەن بە پاڵپشتیەکانیان بۆ پاراستنی زیاتری مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.