سەرۆکایەتی پەرلەمان: "پێویستە سیاسەتی تەشریعی پەرلەمان هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێم"
به‌مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پڕِۆژەیاسا بۆئه‌وه‌ى له‌وه‌رزی نوێی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بكرێت، سه‌عات ۱۰:۳۰‌ی بەیانی ئەمڕۆ ۲۱‌ی ئابی ۲۰۱۹، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی كاروبارى یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە سه‌رۆكایه‌تی بژار کۆچەر سەرۆکی لیژنە و ئاماده‌بوونی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەکە کۆبوونەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئەو پڕِۆژەیاسایانەی کە بڕیار وایە لە دانیشتنەکانی وەرزی نوێی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت کە ۱۱ پڕِۆژەیاسا له‌خۆ ده‌گرێت، پاش تاووتوێکردنی سەرجەم پڕِۆژەیاساکان بڕیاردرا ٦ پڕۆژەیاسا له‌وه‌رزی نوێی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت و ئەو پڕِۆژەیاسایانەشی کە بارگرانی دارایی بۆ حکومەت دروست دەکەن ڕەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە سیاسەتی تەشریعی پەرلەمانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوات و تەواوکه‌ری یەکتر بن.