سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) دەکات
بەمەبەستی هەماهەنگی وبەهێزکردنی پەیوەندییەکان نێوان پەرلەمانی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ٢٨/٨/٢٠١٩ د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە یاوەری هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نەبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان ، سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردو لەلایەن فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کارو بەرنامەی خولی پێنجەمی خستەڕوو و رایگەیاند" ئەو پرۆژانەی کە لەبەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستانە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەین" ۰
پاشان هەردوولا بەگرینگیەوە باسی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیان کرد و پرسە هەنووکەییەکان تاوتوێکران و جەخت لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، و پرسی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش تەوەرێکیتری گفتوگۆکانییان بوو.