لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم سەردانی کەمپی ئاوارەکانی شەنگال لە دھۆک دەکات
بەمەبەستی ئاگادار بون لە ڕەوشی کەمپەکانی ئاوارەکانی شەنگال ، رۆژی دووشەممە ٢٦/٨/٢٠١٩شاندێکی لیژنەی ناوچەی کوردستانیەکان بەسەرۆکایەتی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ژمارەیەک پەرلەمانتار سەردانی پارێزگای دھۆک و چەند کەمپێکی سنورەکەیان کرد.
لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسی یەکە کارگێڕیەکان و بەرپرسی فەرمانگەکانی ناوچەکانی دەوروبەری شەنگال کە لەنووسینگەی پەرلەمان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، ئەندامانی لیژنە گوێیان لەداواکاری و کێشەکانی ناوچەکە و سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکان گرت و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کاری جدی بکرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شەنگال و گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ زێدی خۆیان ، ھەروەھا باس لە گرنگی جێ بەجێ کردنی ماددەی١٤٠ کرا بۆ ناوچەکە.
ھەر ھەمان ڕۆژ شاندی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی کەمپەکانی شاریا و کەبەرتو لە سنوری دھۆک، و کەمپی چەما مشکۆ لە زاخۆ کرد، و لەگەڵ ستافی بەڕێوبەری کەمپەکان کۆبوونەوە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگادار بون لە ڕەوشی ژیان و ئاستی خزمەت گوزاریەکان بەتایبەت لە بواری نیشتەجێ بوون و تەندروستی و پەروەردە، ستافی کەمپەکان کێشەکانیان خستە ڕوو داوایان کرد کە گرنگی زیاتر بەم کەمپانە بدرێت و چادری تازە و پێداویستی تەندروستی زیاتریان بۆ دابین بکرێت و کەرتی پەروەردە ڕێکبخرێتەوە، و قوتابخانەی زیاتریان بۆ دروست بکرێت و مامۆستا و فەرمانبەریان بۆ دابمەزرێندرێت ، ئەندامانی لیژنە سوپاسی خۆڕاگری ئاوارەکانیان کرد کە لەماوەی ڕابردوو بەم دۆخە سەختەدا تێپەڕیون.
لە کۆتاییدا سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە بڕیاریاندا بە ڕاپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕۆکی سەردانەکانیان ئاگادار بکەنەوە و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن هەرچی زووە کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.