بەڕێوبەری گشتی بانكەكانی هەرێم بانگهێشتی لیژنەی دارایی كرا
بۆ ئاگاداربوون لەرەوشی بانكەكانی هەرێم و كێشەو گرفتەكانی سیستەمی كاركردنیان بەڕێوبەری گشتی بانكەكانی هەرێم بانگهێشتی لیژنەی كاروباری دارایی كرا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨/١٢/٢٠١٩ بەسەرپەرشتی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكاران لیژنەكە كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەكە كە بانگهێشتی كازم نامیق بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی هەرێم بەوەكالەت كرابوو سەبارەت بە ئاگاداربوون لە دۆخی بانكەكان و كێشەو گرفتەكانی سیستەمی كاركردنیان. هەر لەم كۆبوونەوەیە بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی هەرێم شێوازی چۆنیەتی كاركردن و سیستەمی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكانی بۆ لیژنەكە خستەڕوو كە لە (٦٥%) بۆ (٧٠%)ی پارەی بەڵێندەران دراوەتەو حكومەت مانگانە (١٠) ملیۆن دۆلار وەك قەرزی بانكە ئەهلیەكان دەداتەوە و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان (٩٠) بانك هەیە. لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی متمانەی خەڵك بە بانكەكان و ئەو قەرزانەی بانكەكانی حكومەت بۆ پیشەسازی كشتوكاڵ و بازرگانی و ئەوانەی دراوە بە هاوڵاتیان و نەگەڕاونەتەوە كرا. لە كۆتایی كۆبوونەوەكە لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری پاڵپشتی خۆی بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان نیشاندا و داوای كرد ئەم پرۆسەیە خێرا بكرێ و حكومەتی هەرێمیش پەلە بكات لە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەكان كە زیاتر لە (٧٥٠) ملیار دینارەو دەست بكرێ بە ئیجرائاتەكانی پێویست لە چوارچێوەی یاسا. جێی ئاماژە بۆ كردنە بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی هەرێم خستیەبەردەم لیژنەكە لە هەرێمی كوردستان (٩٠) بانك هەیە بەجۆرێك لە هەولێر (٣٥) بانك و لە سلێمانی (٣٣) بانك و لە دهۆك (٢٢) بانك كە (٦) هەزار فەرمانبەر لەم بانكانە كاردەكەن. هەر بەپێی ئەو ئامارە (٢٨) بانكی پسپۆری هەن تایبەتن بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و خانووبەرە لەگەڵ (١٥) نوسینگەی بانكی .