Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا پڕۆژەیاسای چاکسازییان تاوتوێکرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢/١٢/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ئەندرۆ لانتس بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ، دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستای ناوەڕاست و خوارووی عێراق و جموجۆڵەکانی داعشی بۆ شاندەکە خستەروو.

پەیوەست بە هەرێمی کوردستان هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە پرۆژەیاسای چاکسازی کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرا و ئەمڕۆ پڕۆژەکە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان ، بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمان ئەرکە یاساییەکانی ئەو پڕۆژەیە بەباشترین شێوە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدات، و ئامانج لە پرۆژەکەش هێنانەکایەوەی دادپەروەرییە لە رووی کارگێری و داراییەوە.

لەلای خۆیەوە ئەندرۆ لانتس بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان  خۆشحاڵی خۆی بە پڕۆژە یاسای چاکسازی دەربڕی و رایگەیاند ، وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئەنجامدانی چاکسازی  لەهەرێمی کوردستان دەکات، و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی خۆیانی بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان دەربڕی.