د.رێواز فایه‌ق: "رۆلی گه‌وره رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی له پاڵپشتیكردنی دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد به‌رز ده‌نرخێنین"
له‌سه‌ردانێكیدا بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌وره رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی ده‌ڵێ: "زۆرخۆشحاڵبووم به‌و دیداره بۆ من شهڕهفێكی گه‌وره‌یه كه به‌دیدارتان گه‌یشتم و زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه".
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه 2019/12/1، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له گه‌وره نووسه‌ر و رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی و شاندی یاوه‌رى.
له دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان و به‌رزنرخاندنی رۆلی گه‌وره نووسه‌ر و رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی له پشتیوانیكردنی به‌رده‌وامی له دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد، رایگه‌یاند: "شانازی ده‌كه‌ین كه ئێوه لێره‌ن، به‌گه‌وره‌ییه‌وه ده‌ڕوانینه رۆلی به‌ڕێزتان له‌گرنگیدان و پاڵپشتیكردن له دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد، جه‌نابتان یه‌كێكن له‌هه‌ره گه‌وره نموونه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و بۆ هه‌میشه شانازیتان پێده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان و قبووڵكردنی جیاوازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "خه‌ڵكی كوردستان به‌ئاسانی ده‌توانێت جیاوازییه‌كان قبوڵ بكات و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر زۆر به‌ڕۆحێكی یه‌كتری قبووڵكردنهوه ده‌ژێین، ئێمه به‌شانازییه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته و ئاینه‌كانی تر به‌ئارامی پێكه‌وه ده‌ژین، ئه‌م پێكهوهژیانهش به‌شێكی گرنگه له جوانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م دیدگایه له‌ده‌زگا دهستوورییهكانیشماندا به‌هه‌مان ڕۆحیه‌ته له‌ڕووی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌وه ئاینه‌كان".
لای خۆیه‌وه گه‌وره نووسه‌ر و رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه و خۆشحاڵیی خۆشی به‌دیدارى به‌ڕێزیان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "زۆرخۆشحاڵبووم به‌و دیداره بۆ من شهڕهفێكی گه‌وره‌یه كه به‌دیدارتان گه‌یشتم و زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه".
هه‌روه‌ها باسی له‌مێژووی گه‌لی كورد و ئه‌و غهدرانهى كه به‌درێژایی مێوو له‌گه‌ڵ كورد كراوه كرد و رایگه‌یاند: "كوردستان له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا رووبه‌ڕووی غه‌دری گه‌وره بۆته‌وه له‌لایه‌ن به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نساو ئیمپراتۆریه‌تی ئێران و ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، بۆیه پێویسته كورد خۆی هه‌ست به‌هه‌موو ئه‌و غه‌درانه بكات كه مێژوو لێیی كردووه و هه‌وڵبدات یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بێت له‌نێو خۆیدا و نه‌هێڵێ ئه‌و غهدرانهى كه له‌پێشوودا لێی كراوه دووباره ببێته‌وه".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك رێزلێنانێك له كاره‌كانی و پشتیوانییه‌كانی له دۆزى ره‌وای گه‌لی كورد قه‌ڵغانی په‌رله‌مانی كوردستانی پێشكه‌ش به گه‌وره نووسه‌ر و رووناكبیرى تورك ئیسماعیل بێشكچی كرد.