Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایه‌ق: "خواستمانه‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌كان پشتگیریی كوردستان بكه‌ن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی سێكته‌ری پیشه‌سازیدا"

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2019/12/1، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ئۆلیگ لێڤن كونسوڵی گشتیی روسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكدا باس له‌ گرنگیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو هه‌لومه‌رجی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه‌و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌هاوكێشه‌كاندا كرا، به‌تایبه‌ت دۆخی نه‌خوازراوی رۆژئاڤای كوردستان و ڕووتێكردنی ئه‌و هه‌زاران په‌نابه‌رو لێقه‌وماوانه‌ی كه‌زۆربه‌یان ژن و منداڵن و له‌كه‌مپه‌كاندا له‌ بارودۆخێكی ئێجگار قورسدا ژیان ده‌كه‌ن.
له‌ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا باسی چالاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕوسیای فیدڕاڵ كراو د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و ده‌ستی كار هه‌رزان و گونجاوه‌ تیایدا له‌چاو وڵاتانی تر، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌مه‌ودوا ته‌نها پشت به‌كه‌رتی نه‌وت نه‌به‌ستین بۆ دابینكردنی داهات، به‌ڵكو پێویسته‌ كه‌رته‌ گشتییه‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار چالاك بكه‌ین، ده‌خوازین كه‌وڵاتانی پیشه‌سازیی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌م بوارانه‌ هاوكاریی كوردستان بكه‌ن و وه‌به‌رهێنان له‌و سێكته‌رانه‌دا بكه‌ن كه‌ كوردستان پێویستییه‌تی".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی قسه‌كانیدا د.رێواز فایه‌ق به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی لایه‌نی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ بووه‌ته‌ ئارامگایه‌كیش بۆ په‌نابه‌ران له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌.
لای خۆیانه‌وه‌ ئۆلیگ لێڤن كونسوڵی گشتیی روسیای فیدڕاڵ سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌، پاشان پوخته‌ی كارو چالاكییه‌كانیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو و باسی په‌یوه‌ندیی درێژخایه‌ن و له‌مێژینه‌ی نێوان كوردو ڕووسی كرد، هه‌روه‌ها باسی ئه‌و چالاكییه‌ ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگییانه‌ی كرد كه‌ به‌ نیازن له‌ ساڵی داهاتوودا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجامی بده‌ن.