Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایه‌ق: "گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌كى فره‌ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه‌و كاریگه‌ریى نه‌رێنیى له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌"

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 9/12/2019، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەشارى هەولێر بەشداریی لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردو وتارێکیشی بەم بۆنەیەوە پێشکەش کردو و تیایدا باسى له‌ به‌رزڕاگرتنی ئه‌و رۆژه‌ جیهانییه‌و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی دیارده‌ى گه‌نده‌ڵی كردو رایگەیاند: "ئه‌مڕۆ 9ى 12 له‌سه‌ر ئاستى جیهان ڕۆژى جیهانیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌رزڕاده‌گیرێت و ده‌كرێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ باسكردن له‌گونجاوترین میكانیزمى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌كى فره‌ ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه‌و كاریگه‌ریى نه‌رێنیى له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى كاریگه‌رییه‌كه‌ ڕێژه‌ییه‌ به‌ڵام دامه‌زراوه‌ دیموكراسییه‌كان بنكۆڵ ده‌كات، گه‌شه‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى دواده‌خات، ده‌بێته‌ مایه‌ى ناسه‌قامگیریه‌كى تاقه‌ت پڕوكێن".
گووتیشی: "هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ خاڵى و دابڕاو نییه‌ له‌ بوون و كاریگه‌رییه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان، هاوكات پێده‌چێت هێشتا ده‌ستمان به‌ گونجاوترین میكانیزم بۆ سزادانى گه‌نده‌ڵكاران نه‌گه‌یشتبێت، یان چه‌ك و ئامڕازه‌كانمان له‌ ئاستى خواستدا نه‌بووبێت، بۆیه‌ تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ ئه‌ركى لێبڕاوانه‌ى خستوه‌ته‌سه‌ر هه‌مووان له‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ تا ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاگه‌یاندن و تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ گشتى".
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسى له‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رى هه‌نووكه‌یى و ستراتیژیی دوورمه‌ودا كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى یه‌كه‌مى تێپه‌ڕاندووه‌و چ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و چ حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ئاشكرا ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵى ڕۆچووه‌ته‌ نێو جومگه‌كانى فه‌رمانڕه‌وایی و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیشى گرتوه‌ته‌وه‌ و كه‌م تا زۆر له‌سه‌ر هه‌ندێ ئاست هه‌نگاوه‌كان ده‌ستى پێكردووه‌و راشیگه‌یاند: "له‌ ڕوانگه‌ى باوه‌ڕبوونمان به‌وه‌ى كه‌ پیاده‌كردنى پێوه‌ره‌كانى حوكمى ڕه‌شیدو لێپرسینه‌وه‌و سزادان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێوه‌رو پڕه‌نسیپانه‌ى له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى هاتوون فاكته‌رو ئامرازى بنه‌ڕه‌تین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ده‌بێ بكرێته‌ ئیلهامبه‌خشى كارى ئاینده‌ییمان".
گووتیشی: "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و سه‌ربارى پابه‌ندكردنى خۆمان له‌ په‌رله‌مان به‌ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى ته‌شریعیى گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان و پشتیوانىكردنى گشت هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى كه‌م بن یا زۆرو هاندانى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كان بۆ به‌دواداچوون و چاودێرى، پێمان وایه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئاڕاسته‌كردنى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت ئه‌ركى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت".