Skip to the content
Menu

راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌بریاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان ئاماده‌ ده‌كرێـت

سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/23، هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌بریاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى هه‌ردوو لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌بریاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان گفتوگۆی له‌سه‌ركراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه‌شه‌وه‌ چه‌ندین تێبینی و پێشنیاز به‌مه‌به‌ستی پوختركردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌بریاره‌كه‌ خرانه‌ڕوو.
بریاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی هه‌ردوو لیژنه‌ له‌باره‌ی داڕشتنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ی پێشنیازه‌بریاره‌كه‌ راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی تاوه‌كو له‌دانیشتنی داهاتوودا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێـت.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشنیازه‌بڕیاری رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌سێ بڕگه‌و هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌و له‌دانیشتنی ژماره‌ 9ی خولی پایزه‌ی په‌رله‌مان له‌رۆژی 2019/12/1 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ ئه‌نجامدراوه‌و بڕیاریشه‌ له‌دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می به‌پێی رێككاره‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامبدرێت.