Skip to the content
Menu

سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان پشتیوانیى خۆیان بۆ دۆزینه‌وه‌ى نه‌وه‌ ونبووه‌كانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یاند

لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى پێشوازیی له‌ یه‌كێك له‌ ونبووه‌كانى نه‌وه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد كه‌دواى نزیكه‌ى (32) ساڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌، سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو و زیندانیانى سیاسى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ پێشوازیی له‌ خه‌لیل ساڵح محه‌مه‌د ونبوویه‌كى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد.

پێش (٣٢) ساڵ رژێمى به‌عس زنجیره‌یه‌ك شاڵاوى ئه‌نفالى دژى به‌گه‌لى كورد له‌ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامداو هه‌ڵه‌بجه‌شى كیمیابارانكرد، جگه‌ له‌وه‌ى بووه‌هۆى بێسه‌رشوێنبوونى هه‌زاران ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌، خه‌لیل ساڵح محه‌مه‌د-یش یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ته‌مه‌نى (٩) مانگیدا ون ده‌بێت و دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ به‌خانه‌واده‌كه‌ى شاد ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌و خانه‌واده‌كه‌ى به‌یاوه‌ریى لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانى سیاسى له‌لایه‌ن د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیى لێكراو سه‌رۆكى په‌رله‌مان خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌دۆزینه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌وه‌یه‌كى قوربانیانى كیمیابارانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دواى (٣٢) ساڵ.

سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان هیواى خواست كه‌یسه‌كانى تریش به‌مجۆره‌ چاره‌نووسیان بدۆزرێته‌وه‌و به‌خاكى هه‌رێمى كوردستان شاد بكرێنه‌وه‌و سوپاسى ئه‌و خانه‌واده‌یه‌شى كرد كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنى ئه‌م كوڕه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتبوو.

د.رێواز فایه‌ق وتى: "وه‌ك په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌ین هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ى ونبووه‌كانى تر و درێخى ناكه‌ن".

خه‌لیل ساڵح محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ى و ئه‌و خێزانه‌ى له‌وڵاتى ئێران كه‌زیاتر له‌ (٣٢) ساڵ به‌خێویان كردبوو به‌یاوه‌ریى لیژنه‌ى شه‌هیدان، له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیی لێكراو جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان جگه‌ له‌ ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى سوپاسى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كرد كه‌ هاوكاربوونه‌ له‌دۆزینه‌وه‌ى ونبووه‌كانى نه‌وه‌كانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌.

هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان جگه‌ له‌ سوپاسكردن هیواى خواست رێكخراوه‌كانى داكۆكیكار له‌ ئه‌نفالكراوان و قوربانیانى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو توانایه‌ك بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌ دۆزینه‌وه‌ى ونبووه‌كان و ئه‌وانیش وه‌ك په‌رله‌مانى كوردستان پشتیوانیان ده‌بن و هاوكارییان ده‌كه‌ن له‌رێكاره‌ كارگێڕى و یاساییه‌كان به‌مه‌به‌ستى كارئاسانى.