سکرتێری پەرلەمان: "پێویستە ئەو هۆکارانە بنبڕ بکرێت کە کاریگەریی خراپیان لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە"
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٢/١٢/٢٠١٩ منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی فیدای نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی پێکەوە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە کرد.
لە دیدارێکدا کە هەردوو پەرلەمانتار حەسیبە گەردی و یاسین خدر ئامادەیبوون ،شاندی میوان تیشکیان خستە سەر چالاکیەکانی خۆیان لەبارەی ڕۆڵی پەروەردە و رۆڵی ئافرەتان لە پێشخستنی کۆمەڵگە هاوکات باسیان لە ئاسایشی خۆراک کرد کە بە نیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی گەورە ی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن، بەشێکیتری چالاکیەکانیان تایبەتە بە کردنەوەی سەنتەرێک بەمەبەستی ئەنجامدانی خوول بۆ هۆشیارکردنەوە لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتی ژیانی هاوسەرگیری لە نێوان ئەو کوڕ و کچانەی بە نیازن پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامبدەن.
لەلایەن خۆیەوە منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان ، دەستخۆشی لە کارو چالاکیەکانی رێکخراوەکە کرد ،هاوکات ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی خۆراکی بە گرنگ وەسفکرد ، لەمبارەیەوە روونیکردەوە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی زۆری بە بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک هەیە و پێویستە کاری جددی لەسەر بکرێت و ئەو هۆکارانە بنبڕ بکرێن کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە لە هەرێمی کوردستان.