Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ ١٩/١٢/٢٠١٩، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیی له‌ ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر کردو له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێڕاق و كوردستان كرا.

ده‌ستپێكی گفتۆگۆكان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو ڕایگه‌یاند: "له‌ئێستادا عێڕاق به‌قۆناغێكی چاره‌نووسسازدا تێده‌په‌ِڕێت، به‌تایبه‌ت كه‌پرسی دانانی سه‌رۆكوه‌زیرانی تازه‌ی عێڕاق بووه‌ته‌ جێگه‌ی مشتومڕێكی قورسی نێوان زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان".

له‌ ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی نێوان هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانى كرد كه‌ بۆ زۆربه‌ی پرسه‌ سیاسی و یاساییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی خولی و ڕاوێژكاری له‌نێوانیاندا ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌باره‌ت به‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ئێستادا مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن و گفتۆگۆی هاووڵاتییانی كوردستانیشه‌، یاسای چاكسازی كه‌ڕه‌هه‌ندێكی ئابووریی هه‌یه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ژیان و بژێویی هاووڵاتییانی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "ئێمه‌ له‌ ده‌ركردنی یاسای چاكسازیدا له‌به‌رده‌م ته‌حدیاتێكی گه‌وره‌داین، ده‌بێت یاساكه‌ به‌جۆرێك ده‌رچێت كه‌ هاوسه‌نگیی ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان تێكنه‌چێت، په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی قورسدایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ه‌ی ئه‌و مووچه‌و ده‌رماڵانه‌ی كه‌ له‌مه‌وپێش به‌بڕیار ده‌ركراون ئێستا ده‌بێت به‌یاسا ڕێكبخرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م هاوسه‌نگی ڕاگرتنه‌ بۆ په‌رله‌مان كارێكی زۆری ده‌وێت"، له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی یاسای وه‌به‌رهێنانی كرد له‌هه‌رێمی كوردستان و گووتی: "پێویسته‌ یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ به‌جۆرێك بێت كه‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی بازرگانی و كشتوكاڵ سوودمه‌ندبن لێی نه‌ك به‌ته‌نها كه‌رتی پیشه‌سازی، له‌ئێستاشدا به‌نیازین یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ین كه‌ پاڵپشتی له‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی ناوخۆیی بكات له‌ هه‌رێمی كوردستان و یاساكه‌ش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌".

لای خۆیانه‌وه‌ ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ هه‌موو ئه‌و شیكارییه‌ سیاسی و یاساییانه‌ی كه‌ كردیان سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی ئێستای عێڕاق و كوردستان، له‌كۆتاییشدا جارێكی تر سوپازگوزاریی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێیان كرا.