Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى داکۆکیکردن لە مافی ئافره‌ت بەدواداچوون بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى حاڵه‌ته‌كانى ته‌ڵاق لە هەرێمی کوردستان دەکات

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردن و بەدواداچوون بۆ ئه‌و فه‌توایه‌ی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم لەبارەی حوكمی سەركەوتنی ژنان بەتەنها لەگەڵ شوفێری تاكسی و هه‌روه‌ها بابەتی به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى حاڵه‌ته‌كانى ته‌ڵاق له‌هه‌رێمى كوردستان، سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2019/12/8، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزەیی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌‌.
‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ تاووتوێى دواین فه‌توا كرا كه‌له‌لایەن ئەنجوومەنی فه‌تواى هه‌رێم لەبارەی حوكمی سەركەوتنی ژنان بەتەنها لەگەڵ شوفێری تاكسی، دوای تاووتوێكردنی پرسه‌كه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا كه‌ دەبێ ئه‌و پرسه‌ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چارەسەر بکرێ.
‎له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ تاووتوێى رێژه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى ته‌ڵاق له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا كه‌ به‌پێى ئامارە فه‌رمییەکانی ساڵانی ۲٠۱۷، ۲.۱۸ تا مانگی ٦ی ۲٠۱۹ رێژه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌، دوای تاووتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێك بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەسەر لیژنه‌ بڕیاریدا بەهەماهەنگی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوونی جدی بۆ ئه‌و پرسه‌ و هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانی ته‌ڵاق به‌و رێژه‌یه‌ زۆره‌ بكات.