Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى شه‌هیدان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ده‌زگاى مین كۆده‌بێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و ئاگاداربوون له‌كارو چالاكییه‌كانیان و گوێگرتن له‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سیراج بارزانى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتیى ده‌زگاى مین له‌ كوردستان و عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین راوێژكارى یاسایی ده‌زگاكه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو ئاماده‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانی ده‌زگاكه‌ و كێشه‌و گرفته‌كانى به‌رده‌م ده‌زگاكه‌و دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌ردوولادا كراو سه‌رۆكى ده‌زگاى گشتیى مین داواى له‌ لیژنه‌ى شه‌هیدان كرد له‌كاتى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان، ماف و ئیمتیازاتى كارمه‌ندانى ده‌زگاكه‌ له‌به‌رچاو بگرن و به‌شێوه‌یه‌كى یاسایی مافه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌ به‌ڵێنى به‌سه‌رۆكى ده‌زگاى گشتیى مین له‌ كوردستاندا كه‌ به‌هه‌موو تواناییه‌ك پشتگیرى له‌كاره‌كانی ده‌زگاكه‌و كارمه‌نده‌كانیان بكه‌ن و له‌كاتی ده‌ركردنی یاساو هه‌مواركردنه‌وه‌یاندا ماف و ئیمتیازاته‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.