Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى گرنگ كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2019/12/3، لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى جوان یونس ڕۆژبه‌یانى سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بریارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و داواكارییانه‌ى ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندراونه‌وه‌و دواى گفتوگۆى ئه‌ندامان ئه‌وانه‌ى پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستى به‌ دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
دواتر ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ خرانه‌ به‌رباس له‌وانه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر زه‌ویى كشتوكاڵیی جووتیاره‌ كورده‌كانى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوورى په‌لكانه‌ كه‌ له‌ئێستادا زه‌وییه‌كانیان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، بۆیه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا به‌دواداچوونی جدى بۆ ئه‌و پرسه‌ بكات به‌مه‌به‌ستی دوزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر.
ته‌وه‌رێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر ڕه‌وشى ئاواره‌كانى شنگال كه‌ له‌ئێستادا له‌ناو كه‌مپه‌كاندان و له‌سه‌ره‌تاى وه‌رزى زستان و سه‌رمادا ده‌ژین بۆیه‌ لیژنه‌ بڕیاریدا به‌دواداچوون بو كێشه‌و گرفته‌كانیان بكات و هه‌وڵده‌ن له‌ رێگه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بریاردرا لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى پێكبهێنرێت بۆ سه‌ردانیكردنی ئه‌و كه‌مپانه‌ به‌مه‌به‌ستى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها لیژنه‌ سه‌رهدانى ئه‌و مناڵانه‌ ده‌كات كه‌ دواى هاتنى داعش بێ دایك و باوك ماونه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى هاوكاریى پێویستیان بۆ دابین بكه‌ن.
له‌ كوتاییدا به‌رنامه‌یان دانا بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى لیژنه‌ى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق دانیشن به‌مه‌به‌ستى گه‌یاندنى ڕاو سه‌رنجى خویان به‌ لیژنه‌كه‌.