Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی ڕاپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر خشته‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتى لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌خشته‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان كه‌ به‌شێكه‌ له‌پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان، سه‌عات 10ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2019/12/22، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.شایان كاكه‌ سالح جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری ماده‌هۆشبه‌ره‌كان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌پێداچونه‌وه‌ به‌و خشته‌یه‌ی كه‌ له‌پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كاندا داهاتووه‌ كه‌ له‌ دوو دانیشتنی پێشووترى په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ كراوه‌، سه‌رجه‌م به‌شداربووان تێبینی و سه‌رنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر خشته‌كه‌ خسته‌ڕوو و رێكخرایه‌وه‌و بڕیاره‌ دواتر لیژنه‌كه‌ ڕاپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكات بۆئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی داهاتوودا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی سیێه‌م ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و په‌سه‌ند بكریت.