Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ناوخۆ راپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به‌پێشنازه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌پێشنازه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان، نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2019/12/11، لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی شاخەوان رەئوف بەگ سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ سەرجەم مادەو بڕگەکانی پێشنیازه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیا له‌باره‌وه‌كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌یاساكه‌ خرایه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى له‌ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌دا جێگه‌یان بكرێته‌وه‌.
پێشنیازه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌و له‌دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاسایی له‌ڕێكه‌وتی 2019/12/4 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و سیفه‌تی به‌په‌له‌ی پێدراوە ، وە بڕیارە ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ 2019/12/12 كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان لیژنه‌كانی كاروباری یاسایی و كاروباری ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیازه‌یاسایه‌ ئه‌نجام بدات.