Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌روه‌رده‌یی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 9/12/2019، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و سكاڵایانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.
دواتر ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌نجامی سه‌ردانیكردنی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی كه‌به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ پرسی جێبه‌جێنه‌كردنی سیسته‌می په‌ڕینه‌وه واته‌ ‌(عبور) له‌ زانكۆی سۆران سه‌ردانی شارۆچكه‌ی سۆرانی كردبوو خوێندرایه‌وه‌و گفتوگۆی لەسەر کراو بڕیاردرا وه‌ك لیژنه‌ به‌نووسراوێك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م بابه‌ته‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنى .
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دروستكردنی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا بۆ سه‌ردانیكردنی چه‌ند زانكۆو كۆلێژێك به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و سكاڵاو داواكارییانه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌‌ كراون .