Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2019/12/8، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئامه‌ده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى كرد له‌ ئازاد حه‌مه‌ده‌مین نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان و ستافی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكرا له‌سه‌ر كۆی گشتیی پرسی ڕاگه‌یانندن له‌هه‌رێمی كوردستان و ئاراسته‌ی تازه‌ی بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری و فراوانبوونی پیشه‌كه‌و به‌ربه‌ست و كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ قۆناغی ئێستای ڕاگه‌یاندن جۆرێك له‌ڕێكخستنی كاری ڕاگه‌یاندن بێته‌ ئاراوه‌ به‌مه‌رجێك سنووری ئازادییه‌كان به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه‌و ده‌زگاكان و ڕۆژنامه‌نووسان به‌ئازادییه‌كی زۆره‌وه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
هاوكات هه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌نیوان سه‌ندیكاو لیژنه‌كه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی لێوه‌كرا به‌تایبه‌تی بۆ گفتوگۆكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و پێشنیازه‌یاساو پێشهاتانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌بواری ڕاگه‌یاندن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان داوه‌تنامه‌یه‌كی فه‌رمیان ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری كرد به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی چه‌ند نوێنه‌رێكی لیژنه‌كه‌ بۆ به‌شداربوون له‌دیداری نێوده‌وڵه‌تیی ڕۆژنامه‌نووسان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 16 و 17ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت و ئامانج لێی گفتوگۆكردنه‌ له‌ سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی میدیا.