لیژنەی دەسپاکی چەند پرسێکی گرنگى تاووتوێ كرد
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چهند پرسێكی گرنگی پهیوهست به كاروبارى لیژنهكه، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 2019/12/17، لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سهرۆكی لیژنهو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو سەرجەم ئەو نوسراو و ڕاپۆرت و سکاڵا و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەكه کرابوون خوێندرانەوەو گفتوگۆیان لەسەرکراو ڕاوبۆچوونی ئەندامان خرایەڕوو و ئەو نوسراوانەی پێویستییان بەوەڵام و بەدواداچون ههبوو کاری پێویستیان لەسەر کراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران.
لەتەوەرێکی تردا بابەتی سەرفکردنی پێنج ملێون دۆلاری تەرخانکراو بۆ ھەولێر وەک پایتەختی گەشتیاری گفتوگۆی لەسەرکراو بڕیاردرا جارێکی تر داوای سەرجەم ڕاپۆرتەکان لەدەستەی دەسپاکی بكرێت لەسەر ئەم کەیسە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە شێوازی سەرفکردنی.