Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەڵامی ڕاکان جبووری دەداتەوە

رۆژی ٢٣/١٢/٢٠١٩ پۆرتاڵی دەزگای میدیایی رووداو چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت کردووە. پارێزگار دەیەوێت وای نیشان بدات کە دۆخی کەرکوک ئاساییە، لە کاتێکدا لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخی شارەکە بەرەو خراپ و خراپتر دەچێت، ئەو پڕۆسەکەی ناوناوە "سەپاندنی یاسا" وەک ئەوەی بەر لە ١٦ ئۆکتۆبەر یاسا لە کەرکوک بەرقەرار نەبووبێت، پارێزگارێک کە بە بڕیارێکی بەغدا سەپێنرابێت، ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی شارێک بدات، بەڵکو بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان و جێ بەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبێت کە دادگای ئیتیحادیش جەختی لەسەر بەهاو پێویستی جێ بە جێ کردنی کردۆتەوە.

ئەو پارێزگارە، پێشمەرگە تاوانبار دەکات کە "هەموو سیاسیەکانمان لە سەردەمی پێشمەرگە کوژراون" لەو سەردەمە "خەڵک بێ سەروشوێن کراوە" وەک ئەوەی سەردەمی پێشمەرگە، سەردەمی رەشبگیری بێت، لە کاتێکدا دەبێت سوپاسی پێشمەرگە بکات، کەچی لە هیچ شوێنێکی دیدارەکەی رووداودا سوپاسی خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگەی نەکردووە کە لە پێناوی پاراستنی شارەکە لە تیرۆریست و رەفتار تیرۆرستەکاندا خوێنێکی زۆری رشتووە، ئەو لە بیری چووە ئەگەر هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە نەبوایە دوور نەبوو کەرکوکیش وەک موسڵ بکەوتبایە دەستی داعش، یاخود تەسلیم بە داعش بکرێت! چونکە هێزە عێراقییەکان توانای بەرگرییان نەبوو تا رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە. جگە لەمە بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە یاسایی بووە، چونکە بە گوێرەی یاداشتێکی ئیمزاکراو لە نێوان وەزیری بەرگری ئیتیحادی بە وەکالەت و وەزیری ناوخۆی ئیتیحادی بە وەکالەت لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و فەرماندەی هێزە ئەمریکییەکان کە لە ٢٠/١٠/٢٠١٠ ی ئیمزا کراوە بۆ بەشداری هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا.

لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە نموونە باسی "پەلکانە" دەکات هەمدیسان هەقیقەتەکان دەشوێنێت، کە ئەو زەوییانە موڵکی جوتیاری کوردە، بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٧ لیژنەی ماددەی ١٤٠ کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە، هەموو ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانەی هەڵوەشاندۆتەوە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی ئەنجام دراون.

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەی لە پۆرتاڵی رووداو راکان جبوری نکوڵی لە دووبارە تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە دەکات کە لە سەردەمی ئەودا کراو، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە خەڵکی تر لە ناوچەی ترەوە بۆ سنووری پارێزگای کەرکوک هاتوون، پاساویش بەوە دەهێنێتەوە کە راستە خەڵک بۆ کەرکوک هاتوون بەڵام "کاریگەری لەسەر دەنگدان نابێت، چونکە مافی بەشداریکردنیان نابێت"، ئەمە بۆ دوارۆژ دەبێت بە سەپاندنی ئەمری واقیع" دیفاکتۆ" و کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی کەرکوک دەبێت.

سەبارەت بە دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان، سەرەڕای ئەوەی ناڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێت کە کورد زۆرینەن، بەڵام لە دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان ژمارەی دانیشتوان رەچاو نەکراوە، بەڵکو بە یەکسانی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکان دابەشکراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا غەدرێکی گەورەیە لە کورد دەکرێ، لەو بارەشەوە بە ئاشکرا دەڵێت کە "تورکمان" ژمارەیان لە کورد و عەرەب کەمترە، بەڵام وەک ئەوان رێژەی وەزیفییان پێ دەدرێت.

ئەمەو سەبارەت بە زیادەرۆیی، بە گوێرەی یاساکان پارێزگار بەرپرسە لە رێگەگرتن لە زێدەرۆیکردن بەو پێیەی بەرپرسی یەکەی ئیدارییە، بەڵام لە بری ئەوەی رێگری بکات، کورد بەوە تاوانباری دەکات کە دەرگای بۆ نەتەوەکانی دیکە بە تایبەتیش نەتەوەی عەرەب کردۆتەوە کە " زێدەرۆیی بکات"، بۆیە دەبێت هەرچی زووە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر لە پێناو ئەوەی کە ئەو دیاردە ناساییە زیاتر نەبێت.

لە کۆتایدا دەڵێین؛ دەبێت کاربکرێت لە پێناوی قوڵکردنەوەی بنەماکانی پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوک و چارەسەکردنی گرفتەکان و جێ بە جێکردنی بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور وەک تاکە چارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر. 

 

 لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان 

 

 24/12/2019