Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان كێشه‌ی كه‌میى كاره‌باى نیشتیمانی تاووتوێ ده‌كات

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/12/10، به‌سه‌رۆكایه‌تیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (9)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وە و سوپاسی ئاماده‌بوونی وه‌زیری رۆشنبیری و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی دیكه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوون كرد‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه‌ كه‌ له‌ سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (87 و 88 و 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پێشنیازه‌بڕیارى (رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ى توركمان)، به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (79 و 80 و 82) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، خاڵی سێیه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ قسه‌كردن و تاووتوێكردنی پرسی كێشه‌ی كاره‌باى نیشتیمانی و دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی له‌م وه‌رزی سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان.
هه‌روه‌ها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌‌.
به‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌روو كه‌ خاڵی دووه‌مى به‌رنامه‌ی كار بكرێته‌ خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارو جێگۆڕكی به‌ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كان بكرێـت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مشێوه‌یه‌ خاڵه‌كه‌ ریزبه‌ندی خاڵی یه‌كه‌می وه‌رگرت.
دواتر خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پێشنیازه‌بڕیارى رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ى توركمان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ى رۆشنبیرى و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كرا بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاره‌ یاساییه‌كانی تا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ئه‌نجامبدرێت.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خاڵی نیزامی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ پێشنیازه‌بڕیارى رۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ى توركمان تایبه‌تمه‌ندی په‌له‌كردنی واته‌ (سیفه‌ی ئیستعجالى) پێبدرێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ خرایه‌ ده‌نگدان و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ داوا له‌ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ى رۆشنبیرى كرا كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازبریاره‌ بكه‌ن و به‌زووترین كات راپۆرتی هاوبه‌شی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكه‌ن.
به‌ر له‌جێبه‌جێكردنی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم له‌وكاته‌دا ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌بوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ خاڵی سێیه‌مى به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ قسه‌كردن و تاووتوێكردنی پرسی كێشه‌ی كاره‌باى نیشتیمانی و دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی له‌م وه‌رزی سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان بكرێته‌ خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارو جێگۆڕكی به‌ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كان بكرێـت و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە هاوکات سه‌رۆكایەتی دانیشتنەکەی په‌رله‌مانی کوردستانی دەکرد له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مشێوه‌یه‌ خاڵه‌كه‌ ریزبه‌ندیی خاڵی دووه‌می وه‌رگرت.
پاشان له‌لایه‌ن هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رێگه‌درا سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى ئیمزای یاداشتی پێشنیازی زیادكرنی خاڵی تایبه‌ت بۆ قسه‌كردن و تاووتوێكردنی پرسی كێشه‌ی كاره‌باى نیشتیمانی و دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی له‌م وه‌رزی سه‌رمایه‌دا به‌سه‌ر هاووڵاتییان بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كردبوو، پێشنیازو روونكردنه‌وه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كار ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆن و كوتله‌و پێكهاته‌كانی په‌رله‌مان به‌هه‌مان شێوه‌ تێبینی و پێشنیازه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر دۆخی كاره‌با له‌هه‌رێم خسته‌ڕوو.
دواتر له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ كرا وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوو، روونكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ بخاته‌ڕوو، ئه‌م پێشنیازه‌ش  خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
له‌روونكردنه‌وه‌كانیدا وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا 13 وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه‌و پێكه‌وه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی سه‌روو 6700 مێگاوات-یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌و سووته‌مه‌نیی پێویست هه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی رێژه‌ی سووته‌مه‌نیی پێویست و هه‌روه‌ها نه‌بوونی بودجه‌ی ته‌واو ئه‌وا رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با سنووردار بووه‌و تێكڕای به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باش له‌مساڵدا له‌نێوان 3400 بۆ 3600 مێگاوات بووه‌".
هه‌روه‌ها وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ تا نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی رابردوو به‌رێژه‌ی تێكڕای سه‌روو 21 كاتژمێر كاره‌با دابین كراوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌و رێكه‌وته‌ به‌هۆی وه‌رزی سه‌رماوه‌ داخوازی و خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌با له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆیه‌ دابینكردنی كاره‌با به‌ڕێژه‌ى‌ تێكڕا بۆ 11 سه‌عات دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ نزیكه‌ی 13% به‌فیڕۆ ده‌ڕاوت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كێشه‌ی دابینكردنی سووته‌مه‌نی و نه‌بوونی بودجه‌ی ته‌واو، ئه‌وا كێشه‌ی له‌چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی بڕی كاره‌بای به‌رهه‌مهاتوو هه‌یه‌و هه‌روه‌ك رێژه‌یه‌كی زۆریش به‌هۆی سه‌رپێچییه‌كانه‌وه‌ به‌فیڕۆ ده‌راوت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ماوه‌ی پێشوودا سێكته‌ری كاره‌بای هه‌رێم پشتی به‌پێنج جۆر بودجه‌ به‌ستبوو، وه‌ك بودجه‌ی ئاسایی و داهاتی وه‌زاره‌ت و بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان و بودجه‌ی پترۆدۆلار، به‌ڵام له‌ئێستادا ته‌نها بودجه‌ ئاساییه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌زیادكردنی به‌رهه‌می كاره‌با وه‌زیر رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی خواستی هاووڵاتییان له‌م وه‌رزه‌دا بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ هه‌زار مێگاوات زیاد بكه‌ین ئه‌وا تێچووی گشتی ده‌گاته‌ 147 ملیۆن دۆلارو ئه‌م بودجه‌یه‌ش به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ سانا نییه‌، بۆیه‌ وه‌زیری كاره‌با داوای له‌په‌رله‌مانتاران كرد له‌جێگیركردنی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با پشتیوانیی حكومه‌ت بكه‌ن و داواشیكرد ببێـه‌ كامپه‌ینێكی نیشتیمانی، چونكه‌ له‌رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی دانانی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با ئه‌وا له‌زۆر رووه‌وه‌‌ كۆنترۆڵی چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی كاراترو باشتر ده‌كرێت، هه‌روه‌ها رێگه‌ ده‌گرێت له‌به‌فیڕۆدان و چۆنیه‌تیی زیاد له‌پێویست به‌كارهێنانی وزه‌ی كاره‌با كاریگه‌ریی گه‌وره‌و به‌رچاوی ده‌بێت.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا به‌داتاو زانیاریی پێویست وه‌زیری كاره‌با چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باى له‌نێوان پارێزگاو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و قسانه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌باس له‌نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی كاره‌با ده‌كه‌ن و به‌سه‌رچاوه‌ی زانیاریی نادروست وه‌سفی كردن، وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم به‌رده‌وام بوو له‌خستنه‌ڕووی چه‌ندین زانیاری و داتای تایبه‌ت به‌سێكته‌ری كاره‌باو پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باو قه‌رزه‌كانی كاره‌با كه‌ له‌لای هاووڵاتییان و حكومه‌ت و كارگه‌كانن باسكرد.
دوای ته‌واوبووونی روونكردنه‌وه‌كان له‌باره‌ی پرسی كاره‌با، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم كرد كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و داتاو زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی سێكته‌ری كاره‌با خرانه‌ڕوو ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت و هه‌روه‌ها لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی په‌رله‌مانی راسپارد كه‌ دوای گه‌یشتنی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با رێككاره‌یاساییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدن و كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ن تاوه‌كو سه‌رجه‌م تێبینی و پێشنیازه‌كانی په‌ر‌له‌مانتارانیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌راپۆرته‌كه‌یان جێبكه‌نه‌وه‌.
هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ژماره‌ په‌رله‌مانتاره‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ داوای قسه‌كردنیان كردبوو له‌سه‌ر پرسی كاره‌باو رایگه‌یاند: "به‌هۆی زۆری گفتوگۆكان و هه‌روه‌ها روونكردنه‌وه‌كانی وه‌زیری كاره‌با ئه‌وا داواتان لێده‌كه‌ین كه‌ پێشنیازو تێبینییه‌كانتان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌ نووسراو ئاراسته‌ی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار بكه‌ن یاخود له‌ رێگه‌ی میكانیزمی پرسیاری په‌رله‌مانی ئاراسته‌ی وه‌زه‌راتی په‌یوندیداری بكه‌ن"، هه‌روه‌ك داواشی له‌وه‌زیری كاره‌با كرد له‌زووترین ماوه‌دا ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌باره‌ی پرسه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئاراسته‌ی ده‌كرێن وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاران بداته‌وه‌.
پاشان له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرا.
‌سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و وه‌زیری رۆشنبیری و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی دیكه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌.
خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و هه‌ردوو لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌سڵی پێشنیازی یاساكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو له‌گه‌ڵ راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌مه‌ند له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی پێشنیازی یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرانه‌وه‌.
دواتر  له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران كه‌راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌مه‌ند بكرێـته‌ بنه‌مای گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌ر له‌ده‌سپێكردنی گفتوگۆكان له‌باره‌ی ئاماده‌نه‌بوونی وه‌زیری بازرگانیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێم، هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگه‌یاند: "له‌دانیشتنی پێشوو په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆكردنی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانیی دواخست بۆ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆو له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زیری بازرگانی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌مه‌ند له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی پێشنیازی یاساكه‌و ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش بوو، له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا پێشنیازو تێبینییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان تاووتوێ كردووه‌و خستۆته‌ڕوو، بۆیه‌ له‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نه‌بووه‌".
دواتر ناوونیشان و بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێم، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و هه‌ردوو لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی په‌رله‌مان خرانه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران و ماده‌ به‌ماده‌ ده‌ست به‌گفتوگۆكردن و وه‌رگرتنی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران كرا. هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی تێبینی و پێشنیازه‌كانی په‌رله‌مانتاران روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌لایه‌ن وه‌زیری رۆشنبیری و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكردنی بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێم، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ لیژنه‌ی یاسایی و هه‌ردوو لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی راسپێردران بۆ جێكردنه‌وه‌و پوختكردنه‌وه‌ی پێشنیازو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیدار له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌دا تاوه‌كو ئه‌نجامدانی رێككاره‌یاساییه‌كانی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه‌ ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری. به‌مشێوه‌یه‌‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.