Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی ئه‌نجامدرا

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 8/12/2019، به‌سه‌رپه‌رشتیی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌رسێ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی خۆیان بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ئه‌نجامدا.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی كه‌مال موسلیم وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران و راوێژكارانى هه‌ر سێ لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی به‌شداربوونی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمى له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردو رایگه‌یاند: "وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ر له‌گرتنه‌به‌ری رێككاره‌كانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێمان باشبوو ده‌رفه‌تی زیاتر به‌داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌پێشنیازه‌یاساكه‌ بدرێت تاوه‌كو له‌رێگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێشنیازه‌یاساكه‌ خزمه‌تی زیاتر به‌خه‌ڵك بگه‌ینرێـت، چونكه‌ ئه‌م پێشنیازه‌ یاسایه‌ یه‌كێكه‌ له‌یاسا گرنگ و پێویستییه‌كان و پێویستیی به‌ده‌رچوواندن هه‌یه‌ تا ئه‌و بۆشاییه‌ یاساییه‌ی كه‌هه‌یه‌ نه‌هێڵدرێت و باشتر خزمه‌تی خه‌ڵكی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری پێوه ‌بكرێت، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ دوای ته‌واوبوونی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ بڕیاره‌ له‌ دانیشتنی داهاتوو كه‌ بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌مه‌ 10/12/2019 به‌ڕێوه‌بچێت خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ئه‌نجامبدرێت و دواین پێداچوونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ش له‌م كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌ی ئه‌مڕۆدا ده‌بێـته‌ بنه‌مای گفتۆگۆكان و رێككاره‌ یاساییه‌كانی تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌.
دواتر له‌لایه‌ن وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق كرا كه‌ له‌دانیشتنی رابردوو له‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاساییی خولی پایزه ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ حكومه‌ت درا كه‌ تێبینی و پێشنیازه‌كانیان له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ بخه‌نه‌ڕوو.
له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكردنی پێداچوونه‌وه‌ بۆ بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌یه‌ك پێشنیازو تێبینیی نوێ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن وه‌زیری بارزگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تیی بڵاوكردنه‌وه‌ی رێكلامی بازرگانی و چۆنیه‌تیی ده‌رخستن و پیشاندانی كاڵا بازرگانییه‌كان به‌ هاووڵاتییان خرانه‌ڕوو.
بریاریشه‌ سه‌رجه‌م تێبینی و پێشنیازه‌كان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان جێ بكرێنه‌وه‌و پوخت بكرێنه‌وه‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن تاوه‌كو له‌كاتی ئه‌نجامدانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران بخرێنه‌ڕوو.