Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كراو پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانى-یش په‌سندكرا

له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كردو پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانى-یشى په‌سندكرد.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/16، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه‌ كه‌ له‌سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینى و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى تر) به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی (چواره‌م)ى ماده‌ى (80)و ماده‌ى (81)و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ى ماده‌ى (83) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (90 و 91 و 93 و 96 و 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی سێیه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای (ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (87 و 88 و 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان.
هه‌روه‌ها سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌‌.
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌خانه‌نشینى و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى تر) كراو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كرا بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاره‌ یاساییه‌كانی تاخوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ئه‌نجام بدرێت.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ له‌به‌ر گرنگیی پرَۆژه‌یاساكه‌ كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هاووڵاتییان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی پێشخستن واته‌ سیفه‌ى ئیستعجالى پێبدرێت و ببێته‌ ئه‌وله‌ویاتی كاری لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی، ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ داوا له‌ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان كرا كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ بكه‌ن.
دواتر خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار خرایه‌ڕوو كه‌تایبه‌تبوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم. له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ر بڕگه‌و ماده‌كانی خرایه‌ڕوو. به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند، ناوونیشانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێم، وه‌ك خۆی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
دواتر سه‌رجه‌م ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌و هۆكاره‌كانى ده‌رچوواندنى به‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ له‌ دانیشتنی پێشوودا خرابوونه‌ڕوو، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ و به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران.
پرَۆژه‌یاسای رێكلامی بازرگانی كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو له‌ 15 ماده‌ و هۆكاره‌كانى ده‌رچوواندنى پێكهاتووه‌ و مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی له‌به‌ر گرنگیی بوارى رێكلامه‌ بۆ خزمه‌تكردنی به‌كاربه‌رو گه‌شه‌پێدانی ئابوورى و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریى باشتره‌ به‌هاووڵاتییان و دروستكردنی كێبه‌ركێی دروست بۆ به‌بازاڕكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ خراپ و زیانبه‌خشه‌كانی رێكلامه.
پاشان به‌پێی خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كار كه‌ تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق. له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵی پڕۆژه‌یاساكه‌ كرا كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو هه‌روه‌ها راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ تایبه‌مه‌نده‌كان له‌سه‌ر دارشتنه‌وه‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرایه‌وه‌.
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ژێر رۆشنایی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران كه‌ راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌ی تایبه‌مه‌ند بكرێـته‌ بنه‌مای گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیازو تێبینی له‌باره‌ی بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو. دوای گفتوگۆكردنی چه‌ند ماده‌یه‌كی پێشنیازه‌یاساكه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد.
سه‌عات 3ی پاشنیوه‌رۆی هه‌مان رۆژ، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكرده‌وه‌و به‌ر له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی برگه‌و مادده‌كانی پێشنیازه‌‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌خێرهاتنی سامان به‌رزنجى وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد بۆ ئاماده‌بوونى له‌كاتی گفتوگۆكانی پێشنیازه‌یاساكه‌.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی ماده‌و برگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیازو تێبینی له‌باره‌ی بڕگه‌و ماده‌كانی پێشنیازه‌‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو. دوای گفتوگۆكردنی ژماره‌یه‌ك ماده‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا و رایگه‌یاند: "دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مان سه‌عات 10ی به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2019/12/18 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌رنامه‌ی كاریش بریتی ده‌بێـت له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ‌خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق.