Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا دەکات

ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/2، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منى نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان بەمەبەستی رێکخستنی کارەکانی لیژنەو پلانی کاریان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و جێگرو ئەندامانی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌یان كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەولەوییاتی خولی پێنجەمی پەرلەمانیان تایبەت بە ناوخۆی پەرلەمان بۆ لیژنەکە خستەڕوو لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و شەفافبوونی زیاتری کارەکانی پەرلەمان لەڕووی کارگێڕی و دارایی و وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان، هاوکات لەپێناو شەفافبوونی کاری پەرلەمان هەماهەنگی لەگەڵ دیوانى چاودێریی دارایی بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ کارەکانی پەرلەمان و راپۆرتی خۆی لەبارەیانەوە پێشکەش بکات و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەک دەخەنەڕوو، هاوکات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی لیژنەکانی تری پەرلەمان پاڵپشتیی خۆیان بۆ کارەکانی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا خستەڕوو.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی لێژنەکە دیدو بۆچوونەکانی خۆیان لەمەڕ ئەرک و کارەکانی لیژنەکە باسکردو سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ ڕێنمایی و پاڵپشتییەکانیان.