Skip to the content
Menu

سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی راپۆرتی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی ئاماده‌ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌هه‌رێمى كوردستان، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/12/15، هه‌رسێ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رسێ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی شاره‌وانی به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌سه‌ر تێبینی و سه‌رنجه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم كرا.
له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ماده‌و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌هه‌رێم له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌وه‌ به‌پێی تێبینی و سه‌رنجی په‌رله‌مانتاران پێشنیازی نوێ دارێژِرانه‌وه‌، بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوكردنی رێككاره‌كانی گفتوگۆكردن و داڕشتنه‌وه‌ی ماده‌كانی، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ تێبینی و پێشنیازه‌كان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی هاوبه‌ش پوختده‌كه‌نه‌وه‌و راپۆرته‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌گفتۆگردن و ده‌نگدان له‌سه‌ری به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی به‌ركار.
جێی ئاماژه‌یه‌ رۆژی 2019/11/12، لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگیی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان وۆركشۆپێكی تایبه‌تى له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌برد كه‌ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چه‌ندین چالاكوان وپسپۆرو ئه‌كادیمی له‌بواری راگه‌یاندن و ریكڵام به‌رێوه‌چوو. هه‌وره‌ها رۆژی سێشه‌مه‌ 2019/12/10، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (9)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ كراو بریاریشه‌ له‌دانیشتنی رۆژی دووشه‌مه‌ 2019/12/16 رێككاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌ده‌نگدان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ئه‌نجامبدرێت.