Skip to the content
Menu

له‌ژێر چاودێریی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كان و بازرگانی سیمینارێكی له‌سه‌ر پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان ئه‌نجامدا

سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2019/12/2، له‌ژێر چاودێریی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كان و بازرگانیی په‌رله‌مان سیمینارێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان رێكخست.
له‌سیمیناره‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رانی یه‌كێتیی هه‌نارده‌و هاورده‌كارانی هه‌رێم و ژووره‌ بارزگانییه‌كانی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا ماده‌و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌هه‌رێم له‌لایه‌ن ئاماده‌بووان گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو چه‌ندین پیشنیازی نوێ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و باشتركردنی ره‌شنووسی پێشنیازه‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو.
د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان ئاماده‌ى به‌شێكی سیمیناره‌كه‌ بوون و له‌باره‌ی ئه‌و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌هه‌رێم هه‌بوون به‌تایبه‌تی ئه‌و پێشنیاز و تَبینییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی یه‌كێتی هه‌نارده‌و هاورده‌كارانی هه‌رێم و ژووره‌ بارزگانییه‌كانی هه‌رێم خرابوونه‌ڕوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "وه‌كو ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ره‌تای كاركردنی یاسادانانین و له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زیاتر كارمان له‌سه‌ر سه‌رپێخستنی موئه‌سه‌ساتی ده‌وڵه‌تی و ده‌ستووری كردووه‌و له‌ئێستاشدا زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆشاییی ته‌شریعییان دروستكردووه‌، بۆ نموونه‌ پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به‌داهاتی نه‌وت نه‌به‌ستێت و ده‌بێت كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ئابووری وه‌ك پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزارو زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی بكات و حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌كارنامه‌یدایه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بكات و وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستانیش ئێمه‌ ده‌توانین دوو رۆڵی سه‌ره‌كی و یاسایی خۆمان بگێڕین، یه‌كه‌میان ئه‌ركی یاسادانانه‌و دووه‌میشیان ئه‌ركی به‌دواداچوونه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساو بڕیاره‌كان وه‌كو خۆی".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌پێی ئه‌و داواكارى و داخوازییانه‌ی ئێوه‌ بێت ئێمه‌ ده‌بێت زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌ركی سه‌ره‌كیی به‌دواداچوون بكه‌ین بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌ست و كێشه‌كان و راشیگه‌یاند: " كه‌هه‌م رای حكومه‌ت و هه‌م ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سیمیناره‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پێویست ده‌كات یاسای فیدراڵیی تایبه‌ت به‌پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌و زیادكردنی چه‌ند مادده‌یه‌ك كه‌ بارودۆخ و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌رێم له‌به‌رچاو بگیرێت".
دواتر هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سیمیناره‌كه‌دا، سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كان و بازرگانیی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازو تێبینییانه‌ی له‌سیمیناره‌كه‌دا خرانه‌ڕوو له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا پوخت ده‌كرێنه‌وه‌و ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشنیازه‌یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌هه‌رێم له‌ 26 مادده‌و هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌و له‌دانیشتنی ژماره‌ 7ی رۆژی 2019/11/13 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.