Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌رى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌یۆنان به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ى په‌نابه‌رانى کوردستان له‌و وڵاته‌ دەکات

به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ى په‌نابه‌رانى كورد له‌وڵاتى یۆنان، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/9، لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی د.ڕیبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەکە پێشوازیی لە د.سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د زاخۆیی نوێنه‌رى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ وڵاتى یۆنان كرد.
لە دیدارێکدا ده‌رفه‌ت به‌نوێنه‌رى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌وڵاتى یۆنان درا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى كورد، پاشان لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کرا کە تایبەت بوو بەڕەوشی پەنابەرانی کوردستان لەوڵاتی یۆنان، هاوکات باس لەو پەنابەرانەش کرا کە لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتە بەندکراون كه‌ ژماره‌یان نزیکەی ١٠٠ کەس ده‌بێت، دواى گفتوكردن له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ نوێنه‌رى پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌ لیژنه‌کەدا هه‌رچى زووه‌ به‌دواداچوونى پێوست بكات بۆ کەیسی ئەو به‌ندكراوانه‌ به‌مه‌به‌ستى ئازادكردنیان.
له‌كوتاییدا لیژنه‌ داوایكرد به‌ڕاپۆرت زانیارى له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامى ئه‌و كه‌یسه‌و زانیارى و داتای په‌نابه‌رانى كورد له‌وڵاتى یۆنان ئاراستەی‌ لیژنه‌كه‌ بکرێت بۆئه‌وه‌ى باشتر هەوڵی چاره‌سه‌رى كێشه‌و گرفته‌كانیان بدەن.