Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی ڕۆشنبیری و كلتووری ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی و كلتووری، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/9، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی به‌دواداچوونى لیژنه‌ی ڕۆشنبیری كرد بۆ بابەتی بوونی سلێمانی به‌پایته‌ختی ڕۆشنبیری و ئاماژەی به‌وه‌كرد كه‌ به‌شێكی به‌دواداچوونه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ته‌واوبووه‌و له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی دیوانی چاودێریی دارایی ئه‌وا كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دیاریكردن و گرنگیی هه‌بوونی تابلۆی سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی كوردو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ ڕاوبۆچوونی خۆیان خسته‌ڕوو .
دواتر كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و سكاڵا و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامانى كرابوون له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا له‌وانه‌ داواكاریی كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ك له‌ ناحیه‌ی سیده‌كان بۆ پاراستن و گرنگیدان به‌كلتوور و فه‌رهه‌نگی ده‌ڤه‌ری برادۆست كه‌ خاوه‌نی مێژوویه‌كی كۆنی فه‌رهه‌نگی و كلتوورییه‌، دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان ئه‌و نووسراوانه‌ی پێویستییان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و داواكارییه‌كان ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکی درا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی ھەمواری یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان و کەموکوڕییەکانی ئەم یاسایە بۆئەوەی لەداھاتوودا کاری لەسەر بکرێت.