لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی کۆنسوڵخانەی یۆنانی لە هەولێر کرد
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەو گرفتەکانی پەنابەرانی کورد لەوڵاتی یۆنان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشهمه ٢٣/١٢/٢٠١٩، شاندێكی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی له پهرلهمانى كوردستان بهسهرۆكایهتيی د.ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەو یاوهریى بڕیاردهرو ژمارهیهك له ئهندامانى و راوێژكارانی لیژنهكه سەردانی کۆنسوڵخانەی یۆنانی لە ھەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی لیژنە خۆشحاڵیی خۆیانی بە کردنەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتی یۆنان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و باسی لە ئەرک و گرنگیی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی بۆ کۆنسوڵی یۆنان كردو هیواشی خواست لە دەمێکی نزیکدا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەیۆنان بکرێتەوە.
ههر له كۆبوونهوهكهدا باس لە کێشە و گرفتەکانی پەنابەرانی کورد لەوڵاتی یۆنان کرا کە بەشێک لەو پەنابەرانە کە ژمارەیان نزیکەی ۱۸۰۰ پەنابەر دەبێت لەئێستادا لە زیندانەکانی یۆنانن و لیژنهكه داوای لە کۆنسوڵی یۆنان کرد کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەپەنابەران مامەڵە لەگەڵ ئەو گیراوانەدا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن لیژنەکەوە چەندین بەڵگە خرایە بەردەستی کۆنسوڵی یۆنان و داوایان لێکرد چارەسەری کێشەو گرفتەکانی ئەو پەنابەرانە بکرێت.
لای خۆیهوه کۆنسوڵی یۆنان لەهەولێر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پەنابەرانەی بەسەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانیدا.