لێژنەیەکی پەرلەمان سەردانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام دەکات
بەمەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆكردن و دروستكردنی هەماهەنگی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٩/١٢/١٥ بەسەرپەرشتی لەنجە ئیبراهیم دزەیی سەرۆكی لیژنەی داكۆكی كردن لەمافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان و بەیاوەری نوێنەرانی لیژنەكانی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ سەردانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە كوردستانیان كرد و لەلایەن مەلا عەبدوڵا سەعید وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە كوردستان و ژمارەیەك زانایانی ئاینی پێشوازیان لێكراو كۆبوونەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە تایبەت بوو بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆكردن لەسەر بەیاننامەی لیژنەی باڵای فەتوا سەبارەت بە سەرکەوتنی ئافرەتان لەگەڵ تەكسی، لەكۆبوونەوەكەدا یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام بۆ لیژنەكانی پەرلەمان روونیان كردەوە كە هەندێ كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و راگەیاندنەكان بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆ ئەو ڕونکردنەوەیە كردووە ،چونكە ئەمە فەتوا نییە تەنها روونکردنەوەیە بە مەبەستی ئامۆژگاری کردن، هەر لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی زانایان زیاتر بۆ لیژنەكە روونیان كردەوە كە بەهۆی هەندێ حاڵەتی نەخوازراو و چەندین بەرنامەی میدیاکان لەسەر ئەم بابەتە لیژنەی فەتوا ئەم ئامۆژگارییەی بڵاوكردۆتەوە و بە هیچ شێوەیەک پابەندی تێدا نیە و مەبەستیش لێی رێگری نیە لە ئازادی تاک.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكە هەردوولا رێككەوتن كە لەمەولا كاری پێكەوەیی بكەن كە پەیوەست بێ بەهەردوولا بۆ زیاتر خزمەتكردنی پرسی ئاینی و مافەكانی مرۆڤ و ئافرەت و پێکەوە ژیان.