هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ شاندی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆبووەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١١/١٢/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کرد.
لە دیدارێکدا کە عەمید روکن هەژار عمر بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوو، شاندی میوان مەبەستی سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان روونکردەوە کە تایبەت بوو بە وەرگرتنی بۆچوونی پەرلەمان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و یەکخستەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشەرگە .
لەبەرامبەردا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێرایی بەخێرهاتنی شاندی میوان، سوپاسی هێزەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە لە ماوەی جەنگی دژ بە داعش، کە بە خوێن و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و بە پاڵپشتی هاوپەیمانان توانرا ئەفسانەی داعش تێکبشکێندرێت، هاوکات سوپاسی کردن بۆ پاڵپشتی کردنیان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان .
لەلایەکی ترەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری شاندی میوان ، رایگەیاند پاڵپشت بە کارنامەی حکومەتی هەرێم کە پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێداوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە گشت سێکتەرەکان، لە ناویشیاندا وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ، بە وردیش چاودێری و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە دەکات، ئەمەش یەکێک بووە لە خاڵە هاوبەشەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم پارتەکانی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا بەوردی باسیان لە مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش کرد کە ئێستا لە زۆربەی ناوچەکاندا بە روونی جموجۆڵەکانیان هەستی پێدەکرێت ،و بە پێویستیان زانی کە رێیان لێبگیرێت و بە تەواوی لە ناوببرێن.