هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش کرد
![](/media/4590/hemin_hawrami_peshwazy-nusyngey_rzgarbwan_easy-resizecom-1.jpg?center=0.64114832535885169,0.47770700636942676&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132200336710000000)
پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/٤ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و ژمارەیەک لە ئەندامان و راوێژکاری لێژنەکە پێشوازییان لە حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر قوربانیانی دەستی داعش و ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییانەی دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامیانداوە بە تایبەت ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە بەرامبەر خوشک و برایانی ئێزیدی کردوویانە، پاشان هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی خستە روو، هاوکات رۆڵ و ئەرکی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش بەرزنرخاند وهیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کارەکانیان بۆ خواستن .
لەلایەن خۆیەوە حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەکە سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ گرینگی پێدانیان بە کاری نووسینگەکە، هاوکات سوپاسی لێژنەی ناوچەکوردستانیەکان کرد بۆ پێدانی خەڵاتی رێزگرتن و لەبەرچاوگرتنی ئەرک و ماندووبوونی چەند ساڵی کارکردنیان .