پێداچوونه‌وه‌ى چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌كى یاسای به‌خاوه‌نكردنی زه‌وییه زێده‌ڕۆكان په‌سندكرا
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه 2019/12/04، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (8)ی ئاساییی خولی پایزه له ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خوا‌و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه خوێندرایه‌وه كه له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له خستنه‌ڕوو و ده‌نگدان له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ى چه‌ند ماده‌و بڕگه‌كانى یاسای ژماره (3)ى ساڵی 2019 یاسای به‌خاوه‌نكردنى ئه‌و زه‌وییانه‌ى له سنوورى شاره‌وانییه‌كان زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه له هه‌رێمی كوردستان-عێراق كه به‌بڕیارى ژماره (4)ى ساڵی 2019ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره عه‌قڵییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌پێی حوكمى بڕگه‌ى چواره‌می ماده‌ى 80 و ماده‌ى 81 و بڕگه‌ى (یه‌كه‌م)ى ماده‌ى 83 له په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی به‌ڕێز (له‌نجه ابراهیم عبدالرحمن) په‌یوه‌ست به به‌رزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی قوربانیانی جینۆساید، به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له ماده (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای (رێكلامی بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (87 و 88 و 89) له په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان.
سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه.
به‌ر له‌خه‌ستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه ژماره‌یه‌ك خاڵی نیزامی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی یاسادانان و شێوازی دانیشتنه‌كان و كاروباری لیژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی خاڵه نیزامییه‌كانی دایه‌وه، له‌به‌شێكی روونكردنه‌وه‌كاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مان چه‌ندین داتا‌و زانیاریی له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاساو بڕیاره‌كان و ژماره‌ی پرسیاری په‌رله‌مانتاران كه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كراون خسته‌ڕوو. سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "له‌خولی به‌هاره خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ 3 پێشنیازه‌یاساو بریارو له خولی پایزه 21 پێشنیازه‌یاساو بڕیار بۆ خوێندنه‌وه‌یان ئه‌نجامدراوه‌و له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه 5 بڕیار‌و یاسا ده‌ركراون و جگه له‌وه‌ش 150 پرسیار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه ئاراسته‌ی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كراون و 86 پرسیار وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه‌و 64 پرسیاریش تائێستا وه‌ڵامیان نه‌هاتۆته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌كه‌میی ده‌رچوواندنی یاسا‌و بڕیاره‌كان سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه به‌پێی ماده‌ی 79 له په‌یڕه‌وی په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ی كه بارگرانیی دارایی دروستده‌كه‌ن پێویستیی به‌ڕای حكومه‌ت هه‌یه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش 21 پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كراون و 12 پێشنیازه‌یاساو بڕیار وه‌ڵامیان هاتۆته‌وه بۆ نموونه به‌شێكیان داوای ره‌تكرانه‌وه‌ى كراوه‌و به‌شێكیشی داوای پێدانی كاتی زیاترى بۆ كراوه. هه‌روه‌ها جگه له‌مه‌ش چه‌ندین پڕۆژه‌یاساو پێشنیازه‌یاساو بریاریش له‌لای لیژنه‌كانی په‌رله‌مانن و زیاتر له‌كاتی دیاریكراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ لایان ماوه‌ته‌وه‌و راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده نه‌كراوه‌و نه‌نێردراوه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تى.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌درێژه‌ی تێبینییه‌كانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و داتا‌و زانیارییانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌و راستییه روون ده‌بێته‌وه كه هه‌ر پێشنیازه‌یاساو بڕیارێك رێككاره یاساییه‌كانی خۆی چ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه بێت چ له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی حكومه‌ت بێت، ته‌واو بووبێت ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تی له‌نزكترین به‌رنامه‌ی كاری دانیشتن جێی بۆ كردۆته‌وه‌و دانیشتنی بۆ رێكخستووه. هه‌روه‌ها جگه له‌رێككاره‌كانی پێشنیازه‌یاساو بڕیار هیچ داواكارییه‌كی په‌رله‌مانتاران، كه به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ 10 په‌رله‌مانتار یان زیاتر ده‌توانن داوای رێكخستنی دانیشتنی تایبه‌ت بكه‌ن، به‌ده‌ست سه‌رۆكایه‌تی نه‌گه‌یشتووه.
هه‌ر له‌درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی بانگكردنی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی لیژنه‌كان و په‌رله‌مانتارانه‌و له‌هیچ شوێنێكی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌وه نه‌هاتووه كه ده‌بێت سه‌رۆك یان سه‌رۆكایه‌تی بانگهێشتی وه‌زیره‌كان بكه‌ن بۆ پرساندن به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای كاری پێكه‌وه‌ییی په‌رله‌مان دراوه‌ته په‌رله‌مانتاران و لیژنه په‌رله‌مانییه تایبه‌تمه‌نده‌كان.
پاشان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه خڕایه‌روو، سه‌باره‌ت به خاڵی یه‌كه‌مى به‌رنامه‌ى كار به‌پێی راپۆرتی ئاماده‌كراوی لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر یاسا گه‌ڕێندراوه‌كه، خاڵی یه‌كه‌می خوێندرایه‌وه كه به‌پێی ماده‌ی 95/ بڕگه‌ی یه‌كه‌م له په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مان یاساكه وه‌ك خۆی ده‌خرێته ده‌نگدان، ئه‌گه‌ر ده‌نگی پێویستی هێنا ئه‌وا یاساكه به‌ده‌رچوو داده‌نرێت و رای په‌رله‌مان ره‌تناكرێـته‌وه‌و ئه‌م خاڵه ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو ره‌تكرایه‌وه.
خاڵی یه‌كه‌م به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی داواكراوه له بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ماده‌ی یه‌كه‌م ده‌سته‌واژه‌ی "زێده‌ڕۆكار" شوێنی "زێده‌ڕۆ" بگرێته‌وه، ئه‌م خاڵه به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا، خاڵی دووه‌میش داوای گۆڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "به‌پێی ماسته‌رپلان یان نه‌خشه‌ی ورده‌كاریی شاره‌وانییه‌كان" بۆ ده‌سته‌واژه‌ی "به‌پێی ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌ی ورده‌كاریی شاره‌وانییه‌كان" په‌سندكردنی ئه‌و خاڵه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ كرا.
خاڵی سێیه‌میش كه داوای لابردنی ده‌سته‌واژه‌ی "خواست و خستنه‌ڕوو"ی له بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی 3ی یاساكه ده‌كردو په‌سندكردنی ئه‌و خاڵه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ كرا، خاڵی چواره‌میش تایبه‌تبوو به‌داڕشتنه‌وه‌ی بڕگه‌ی سێیه‌می ماده‌ی 3ی یاساكه كه تایبه‌تبوو به‌رێككاره‌كانی یاسای به‌خاوه‌نكردنی میری و وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی هاتبوو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌ر له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر خاڵی پێنجه‌م بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سێردرا و سه‌عات 3ی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ئاماده‌بوونی هه‌ردوو وه‌زیری پیشه‌سازی و بارزگانی و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه ده‌ستی پێكرده‌وه، لیژنه‌ی یاسایی پێشنیازه‌كانی به‌پێی راپۆرتی لیژنه خسته‌ڕوو، خاڵی پێنجه‌م كه تایبه‌تبوو به‌شێوازی سوودمه‌ندبوون یاخود سوودمه‌ندنه‌بوون به‌پێی ئه‌و یاسایه، دوای داڕشتنه‌وه‌ی پێشنیازه‌كه له‌ماده‌ی پێنجه‌م ئه‌وه جێگیركرا كه به‌له‌به‌رچاوگرتنی رووبه‌ری زه‌وییه زێده‌ڕۆ له‌سه‌ركراوه‌كان به‌پێی بڕگه‌ی شه‌شه‌م له‌ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه مامه‌ڵه‌ی سوودمه‌ندبوونی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و په‌سندكردنی ئه‌و خاڵه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.
خاڵی شه‌شه‌م داوای لابردنی هه‌ردوو بڕگه‌ی دووه‌م و سێیه‌می له‌ماده‌ی هه‌شته‌می یاساكه ده‌كردو ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا. خاڵی حه‌فته‌میش پێشنیازی داڕشتنه‌وه‌ی ماده‌ی 9ی یاساكه خستۆته‌ڕوو و دوای زیادكردنی ده‌سته‌واژه‌ی "جگه له‌خۆیان (پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی) كه ده‌توانن له‌حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه سوودمه‌ندده‌بن"، به‌و گۆڕانكارییه‌وه به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
خاڵی هه‌شته‌میش داواى داڕشتنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی ده‌كردو به‌وشێوه‌یه دوای داڕشتنه‌وه‌ی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا، دواتر كۆی هه‌مواره‌كان خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ (74 ده‌نگ) په‌سندكرا.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار كه تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پڕۆژه‌یاسای ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره عه‌قڵییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه پڕۆژه‌یاساكه خوێندرایه‌وه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه پڕۆژه‌یاساكه ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره یاساییه‌كانی، هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م پڕۆژه یاسایه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی پێدانی تایبه‌تمه‌ندیی پێشخستن به‌پڕۆژه‌كه بدرێـت و لیژنه‌كان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌و پێشنیازه به 63 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه تایبه‌تبوو به خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی به‌ڕێز (له‌نجه ابراهیم عبدالرحمن) په‌یوه‌ست به به‌رزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی قوربانیانی جینۆساید، به‌پێی خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له ماده‌ى (49) له په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاری ناوبراو گرنگیی ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی جینۆساید بۆ رێگه‌گرتن له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره تاوانه گه‌ورانه بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها كورته‌باسێكی مێژوویی له‌سه‌ر تاوان و جینۆسایده‌كانی رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق كه ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كوردستان و پێكهاته‌كانی ئه‌نجامدراوه به‌بیر په‌رله‌مانتاران هێنایه‌وه.
خاتوو له‌نجه ئیبراهیم ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پێویسته ئه‌م یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی جینۆساید كه به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی له‌سێپتێمبه‌ری ساڵی 2015 ده‌رچووه، رۆژی 9ی دێسه‌مبه‌ری دیاریكردووه، ببێته هانده‌رێكی به‌هێز تاوه‌كو كار له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی سه‌رجه‌م ئه‌و تاوان و جینۆسایده رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و هه‌روها تیرۆریستانی داعش كه ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كوردستان و پێكهاته‌كانی ئه‌نجامدراوه بكه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌پێویسته حكومه‌تی فیدراڵ ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كان به‌تایبه‌ت له‌گێڕانه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفالكراون جێبه‌جێ بكات.
دواتر به‌ر له‌خستنه‌ڕووی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كار كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای رێكلامی بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه رێگه‌درا وه‌زیری بارزگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێم رای وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه بخاته‌ڕوو، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری ناوبراو رایگه‌یاند: "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كاتی كه‌میان له‌به‌رده‌ست دابووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه كاتی زیاتر بدرێت بۆ گفتوگۆكردنی ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌یاساكه، دوای راوێژكردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "گفتوگۆكردنی ئه‌و خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كار دوا ده‌خرێـت بۆ دانیشتنی سه‌عات 11ی سێشه‌مه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو 10/12/2019و هه‌روه‌ها داواشی له لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیداركرد كه سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری بارزگانی و پیشه‌سازی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجامبدرێت بۆ وه‌رگرتنی راوپێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ رای هه‌ر داموده‌زگایه‌كی دیكه‌ی حكومه‌ت كه په‌یوه‌ندیداربێـت. به‌مشێوه‌یه كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه هات.